ئۆکرانیا وەڵامی عێراق دەداتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا وەڵامێکی توند و فەرمی ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقییەوە خرانە روو، سەبارەت بەوەی گوایە گرووپێکیان دەستگیرکردووە و دانیان ناوە بەوەی هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی وڵات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا لە راگەیەندراوێکدا ئەو لێدوانانەی قاسم عەبوودی بە تەواوی رەتکردەوە و بە "بێ بنەما و ناڕاست وەسفی کرد، جەختیشی کردووەتەوە، هیچ جۆرە راستی یان بەڵگەیەک لە ئارادا نییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم تۆمەتانە و تەنانەت خودی بەرپرسە عێراقییەکەش لە چاوپێکەوتنە تەلەڤزیۆنییەکەیدا دانی بەوەدا نا کە دۆسیەکە ئاڵۆزە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا هاتووە، جێگەی قبوڵکردن نییە بەرپرسێکی باڵای وڵاتێکی دۆست بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی فەرمی، لێدوانی لەو شێوەیە لە کەناڵە گشتییەکانەوە بدات، بەو پێیەی ئۆکرانیا لە رێگەی شاشەی تەلەڤزیۆنەوە ئاگاداری ئەم تۆمەتانە بووە و هیچ زانیارییەکی پێشوەختە یان ئاگادارکردنەوەیەک لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییە فەرمییەکانەوە پێنەگەیشتووە؛ ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم جۆرە هەڵسوکەوتەش بە پێچەوانەی بنەماکانی رێزگرتنی هاوبەش دەزانرێت و زیان بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا، کیێڤ دووپاتی کردەوە، عێراق هاوبەشێکی گرنگی ئۆکرانیایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێشتا سوورە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و مرۆییەکان لە پێناو بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا هۆشداری دا لەوەی کە ئەم جۆرە لێدوان و تۆمەتانە تەواو هاوتەبایە لەگەڵ ستراتیژ و پڕوپاگەندەی رووسیا، کە ئامانجیان شێواندنی ناوبانگی ئۆکرانیا و تێکدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەیە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر هەیە ئەم جۆرە رووداوانە دەرئەنجامی کارتێکەری میدیایی دەرەکی یان بەشێک ببن لە پرۆسەیەکی تێکدەرانە و دەروونی بۆ لاوازکردنی هاوبەشی نێوان کیێڤ و بەغدا؛ بۆیە داوای لە حکوومەتی عێراق کرد، رێکاری گونجاو بگرێتەبەر و رێگری لە بەکارهێنانی دامەزراوە فەرمییەکان بکات بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە و چەواشەکار کە تەنها خزمەت بە لایەنی سێیەم دەکات.

ئەم کاردانەوەیەی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا دوای ئەوە هات کە قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاند، دەزگا هەواڵگرییەکانیان گرووپێکیان دەستگیرکردووە و دانیان بەوەدا نا کە لەبەرژەوەندی ئۆکرانیا هێرشیان کردووەتە سەر هەندێک دامەزراوەی وڵات، هەرچەندە ناوبراو هیچ شوێنێکی دیاریکراوی ئاشکرا نەکرد و جەختی کردەوە کە دۆسیەکە هێشتا زۆر ئاڵۆزە و لێکۆڵینەوەی تێدا بەردەوامە.