وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: دەمانەوێت هێرش بکەینە سەر ئێران بەڵام ئەمریکا رێگریمان لێدەکات
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ وەشاندنی گورز لە ئێران و تەنانەت فڕۆکە ئەمریکییەکانیش لە ناو خاکی ئەوانەوە بۆ ئەو مەبەستە دەفڕن، بەڵام واشنتن تاوەکو ئێستا رەزامەند نییە لەسەر دەسپێکردنی هێرشێکی سەربازیی فراوان بۆ سەر تاران.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی رایگەیاند، "ئێمە بە راستی دەمانەوێت هێرش بکەینە سەر ئێران، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئەم هەنگاوەدا نییە."
کاتز ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا کۆمەڵێک بەرژەوەندیی لە ئێران هەیە کە بە وتەی ئەو "لە سەرووی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلەوەن"، بەڵام راشیگەیاند، "ئەو ئیمپراتۆریەتە لەخۆباییەی هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیلی دەکرد، ئێستا هەرەسی هێناوە."
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی بە روونی پەیامی داوە کە ئەگەر رووبەڕووی هەر هێرشێک ببنەوە، ئەوا "بە هەموو هێزیانەوە" هێرش دەکەنە سەر ئێران و گوتیشی، "ئێمە بۆ وەشاندنی گورز لە ئێران ئامادەین."
لەبارەی جموجۆڵە سەربازییەکانی ئێستاش، کاتز زانیاریی نوێی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لەم کاتەدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ناو خاکی ئیسرائیلەوە دەفڕن بۆ وەشاندنی گورز لە ئێران و جەختی کردەوە کە "ئێرانییەکانیش بەم بابەتە دەزانن."