ڕۆژانی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی هێلەکانی ئینتەرنێت 2 کاتژمێر دەپچڕێن
K24 – هەولێر:
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێی کوردستان ڕایگەیاند، رۆژانی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە کاتژمێر 06:00 تاوەکو 08:00ـی بەیانی سەرجەم هێلەکانی ئینتەرنێت دەپچڕێن
پێنجشەممە (20ـی حوزەیرانی 2024) وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێی کوردستان، لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی دەستپێکردنی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی، ڕۆژانە دوو کاتژمێر ئینتەرنێت دەپچرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە ڕۆژانی تاقیکردنەوەکان کە یەکشەممە و چوارشەممان بەڕێوە دەچێت لە کاتژمێر 06:00 تاوەکو 08:00ی بەیانی سەرجەم هێلەکانی ئینتەرنێت دەپچڕێن.
ڕۆژی چوارشهممه (22ـی ئایاری 2024) وهزارهتی پهروهردهی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی، بەشەکانی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی) بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) بڵاوكردهوه، کە بڕیارە لە (23-6-2024) دەست پێ بکات.
بەپێی زانیارییەکان، ئەمساڵ 121 هەزار و 908 قوتابی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بە بەشەکانی وێژەیی و زانستیی و پیشەیی بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن.