بنیامین ناتانیاهو: بۆ مانەوەی خۆمان پێویستمان بە چەکی ئەمەریکا هەیە
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرای دەکات، بۆ جەنگی مانەوەی خۆیان، پێویستییان بە چەکی ئەمەریکا هەیە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک دێت بۆ ئەو فشارانەی کەوتووەتە سەر سوپای ئیسرائیل لە کەمبوونەوەی چەک و تەقەمەنی دوای تێپەڕینی 258 رۆژ لە جەنگی سەر کەرتی غەززە.
پێنجشەممە (20ـی حوزەیرانی 2024)، سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پێویستیی بە چەکی ئەمەریکا هەیە لە " جەنگێکدا بۆ مانەوەی خۆی" ئەو لێدوانەی ناتانیاهو وەک وەڵامدانەوەیەکی ڕاستەوخۆ بوو بۆ ڕەخنەکانی کۆشکی سپی سەبارەت بە سکاڵاکانی سەبارەت بە دواخستنی گواستنەوەی چەک.
ناتانیاهو لە بەیاننامەکەدا گوتی " ئامادەم بەرگەی ئەو هێرشانە بگرم کەدژی خۆم دەکرێت، تەنها لەپێناو ئەوەی ئیسرائیل دەستی بەو چەکەی ئەمەریکا بگات کە لەپێناو مانەوەی خۆی لە جەنگێکدا پێویستی پێیەتی.
کۆشکی سپی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، لێدوانەکانی ناتانیاهو سەبارەت بە گەیاندنی چەکی ئەمەریکا "سووکایەتی" یە، گوتیشی، گەیاندنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئۆکرانیا لە کارەکان "ئەولەویەتی پێدەدرێت"
بەپێی دوایین زانیاریی لەبارەی جەنگی 258 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە،37431 هاووڵاتیی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە کوژراون و 85653 هاووڵاتیی دیکەش بریندارن.
هاوکات سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، لە ڕۆژی یەکەمی دەستپێکردنی جەنگەکە تاکوو ئەمڕۆ،662 ئەفسەر و سەربازیی ئیسرائیل کوژراون و،3860 سەرباز و ئەفسەری دیکەش بریندارن .
ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە دهستبهسهر كران.