دانیال پوڵس: گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئاوارەکان لەلایەن بەغداوە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە

دانیال پوڵس، شارەزای نێودەوڵەتی لە بواری کاروباری ئاوارە و پەنابەران
دانیال پوڵس، شارەزای نێودەوڵەتی لە بواری کاروباری ئاوارە و پەنابەران

K24 - هەولێر:

شارەزایەکی نێودەوڵەتی لە بواری کاروباری ئاوارە و پەنابەران سەرسامی خۆی نیشاندا کە لە وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک عێراق تاوەکوو ئێستا ڕێژەیەکی زۆر لە ئاوارەی ناوخۆیی هەیە و لە دۆخێکی سەختیشدا ژیانیان دەگوزەرێنن.

ڕۆژی هەینی (21ـی حوزەیرانی 2024) دانیال پوڵس، شارەزای نێودەوڵەتی لە بواری کاروباری ئاوارە و پەنابەران لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی کاتژمێر 18:00ـی کوردستان24 ڕایگەیاند: چەند مەرجێکی سەرەکی هەن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، لەوانەش دابینکردنی ئاسایش و خزمەتگوزارییەکان.

دانیال پوڵس لەبارەی پرسی داخستنی بەزۆری کەمپی ئاوارەکان لەلایەن حکوومەتی عێراقییەوە ڕایگەیاند: هەندێک دۆسیە لەو پرسەدا خراپ بەکارهێنراوە لەوانەش سەپاندنی زمانی عەرەبی یاخود بوونی دەرفەتی خوێندن تەنیا بە زمانی عەرەبی لە کەمپەکان ئەمەش وایکردووە: دەرفەتی یەکسان بۆ ئاوارەکان نەبێت و ئەمەش بکرێتە بیانووێک بۆ داخستنی کەمپەکان.

هەروەها گوتیشی: زۆربەی ئاوارەی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان لە منداڵ و ئافرەت پێکهاتوون کە ئێستا فشاریان لەسەر بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە کاتێکدا، ئەو ناوچانەی لێوەی ئاوارەبوون، سەلامەت نین و بەهۆی بوونی چەکدار لەو ناوچانە، سەختە بۆ خێزانەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.

ئەو شارەزا نێودەوڵەتییە باسی لەوەشکرد: گەڕانەوەی ئاوارەکان لەژێر فشاردا بۆ ئەو ناوچانەی کە تاوەکوو ئێستا لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێ بەشن، وەک ئاو، کارەبا، خۆراک، پاکوخاوێنی، خزمەتگوزاریی تەندروستی و قوتابخانەی لێ نییە.

هەروەها گوتیشی: بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەی یاسایی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان کە پێویست بوو لایەنە فەرمییەکانی حکوومەتی عێراق ئامادەی بکەن، ئەمە مانای ئەوەیە کە ئەوەی ئێستا هەیە، گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئاوارەکانە.

لەبارەی ناردنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان لەلایەن بەغداوە، دانیال پوڵس ڕایگەیاند: گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ئەو ناوچانەی سەلامەت نین، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و پێویستە حکوومەتی عێراق کار بکات بۆ هاوکاری کردنیان و ئەمەش لە توانایدا هەیە وەک وڵاتێکی دەوڵەمەند و جەختیشیکردەوە: ئاوارەکان مافی خۆیانە ئەوکاتە داوای گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان بکەن کە سەلامەتە.

دانیال پوڵس لە ساڵانی ڕابردوو لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ناوەندیی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوەکانی هەرێمی کوردستان لە پرسی ئاوارە و پەنابەراندا کاری کردووە.