هۆشداریی لە دۆخی لوبنان دەدرێت و چەند وڵاتێکیش داوای دەرچوونی هاووڵاتییانیان دەکەن

سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، دۆخی سنوورەکانی ئیسرائیل و لوبنان مەترسیدار بووە و ترس هەیە سیناریۆی غەززە دووبارە بێتەوە. هەر یەک لە کوەیت، کەنەدا و یۆنان داوایان لە هاووڵاتییانیان کردووە هەرچی زووە لوبنان بەجێبێڵن.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بارەی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی گوتی: لە پەرەسەندنی گرژییەکانی حزبوڵڵا و ئیسرائیل تەواو نیگەرانم و ئاڵۆزیی و پێکدادانەکان لە ناوچە سنوورییەکاندا بەردەوامە و ڕۆژ دوای ڕۆژ لە زیاد بوونە.
گوتشی: هۆشداریی جیددی دەدەم فراوانبوونی شەڕی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەرێکی نزیکە و پێویستە هەموو لایەنەکان، بە تایبەت ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی خۆیانی لێ بەدوور بگرن، چونکە یەک جوڵەی هەڵەشە، ناوچەکە ڕووبەڕووی کارەسات دەکاتەوە و نامانەوێت هەمان سیناریۆی غەززەیەکی لە لوبنان دووبارە بێتەوە.
هەر بەهۆی ترس و نیگەرانییەکانەوە، وەزارەتی دەرەوەی کوەیت و هەردوو حکوومەتی یۆنان و کەنەداش لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەیان هۆشدارییان داوەتە ئەو هاووڵاتییانەیان کە گەشتی لوبنانیان کردووە و داوایان کردووە هەرچی زووە لوبنان بەجێ بهێڵن، چونکە بەهۆی خراپی دۆخی سنوورەکانەوە، ترس لە فراوانبوونی شەڕی سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حزبوڵڵا هەیە.
وەزارەتی دەرەوەی کوەیت داواشی لە هاووڵاتییانەی کردووە کە ویستی جێهێشتنی لوبنانیان هەیە، هەرچی زووە لە بەیروتی پایتەخت پەیوەندی بە باڵیۆزخانەی کوەیتەوە بکەن، تاوەکوو ڕێکارەکانی جێهێشتنی لوبنانیان بۆ ئاسان بکرێت. هەروەها داواشی لەو هاووڵاتییانەی کردووە کە نیازی سەفەری لوبنانیان هەیە، گەشتەکانیان بۆ کاتێکی دیکە دوا بخەن.
سێشەممەی هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی سەربازی سوپای ئیسرائیل پلانی شەڕیان دژی لوبنان و بە دیاریکراوی چەکدارانی حزبوڵڵا پەسەند کردووە.
ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئاسایشی سنوور و ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل، گەورە فەرماندەکانی سوپا پلان و هەنگاوی فراوان کردنی بەرەی شەڕ و هێرشی زەمینیان بۆ سەر باشووری لوبنان لە دژی چەکدارانی حزبوڵڵا پەسەند کردووە.
هەروەها یسرائیل گاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەڕەشەی لەنێوبردنی تەواوی چەکدارانی حزبوڵڵا کردبوو، لە ئەگەری حزبوڵڵا هێرشی سەر ئیسرائیل بکات.
هەر لە بارەی فراوانکردنی بەرەی شەڕ و هێرشکردنە سەر حزبوڵڵای لوبنانی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، گۆڤاری فۆرین پۆلیسی ڕاپۆرتێکی شیکاری و بەڵگەداری بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان ئەوە دۆخی شەڕ و پێشڕەوییەکانی بە هەمان شێوەی کەرتی غەززە و چەکدارانی حەماس ئاسان نابێت، چونکە حزبوڵڵا زۆر لە حەماس بەهێزترە و پشتیوانیی ئێران و ڕووسیاشی هەیە.