هەرێمی کوردستان.. ڕۆژانە دوو کاتژمێر هێڵی ئینتەرنێت ڕادەگیرێت
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەمەبەستی دەستپێکردنی تاقیکردنەوە گشتییەکانی وەرزی یەکەم، هێڵی ئینتەرنێت ڕادەگیرێت.
شەممە، 22ـی حوزەیرانی 2024، دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر داواكاریی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەیانی ڕۆژی یەكشەممە23ـی حوزەیرانی 2024، لەگەڵ دەستپێكردنەوەی تاقیكردنەوە گشتییەكانی وەرزی یەكەم تاوەكوو كۆتا ڕۆژی 17ـی تەمووزی 2024، بۆ ماوەی دوو کاتژمیر لە هەرێمی کوردستان هێڵی ئینتەرنێت ڕادەگیرێت
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە نوسراوی فەرمی تەواوی كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی ئاگادار كردۆتەوە بەمەبەستی دەستپێکردنی تاقیکردنەوە گشتییەکانی وەرزی یەکەم هێڵی ئینتەرنێت ڕابگیرێت.
ئاماژە بەوە دراوە کە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە بەیانی ڕۆژی یەكشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2024، لەگەڵ دەستپێكردنی تاقیكردنەوە گشتیەكانی وەرزی یەكەم تاوەكو كۆتا ڕۆژی 17ـی تەمووزی 2024، بەمەبەستی ڕێگریی لە گزیی (غش) یان هەر هەوڵێكی دیكەی بۆ دەستكەوتنی پرسیاری تاقیكردنەوەكان، لە كاژمێر 6ـی بەیانی تاوەكو 8ـی بەیانی لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكان بۆ ماوەی دوو كاژمێر خزمەتگوزاری ئینتەرنێت ڕادەگیرێت لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان.