پۆلیسی کەرکووك: سەدا 90ـی دۆسیەی ئەمنیی شارەکەمان وەرگرتووە

عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک

K24 – کەرکووک:

گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ڕایگەیاند، هێزی پۆلیس 90%ـی دۆسیەی ئەمنی کەرکووکیان وەرگرتووە و هیچ سەربازێکی سوپا لەشاری کەرکووکدا نییە.

عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: لە داهاتوویەکی نزیکدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق تەواوی دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک لە سوپاوە ڕادەستی پۆلیس دەکات.

گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک باسی لەوە کرد، ئێستا هێزی پۆلیس 90%ـی دۆسیەی ئەمنیی کەرکووکیان وەرگرتووە و هیچ سەربازێکی سوپا لەشاری کەرکووکدا نییە.

بەپێی کارنامەی کابینەی سوودانی، دەبوو سوپا و حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی لەنێو شاری کەرکووک بکشێنەوە و دۆسیەی ئەمنی ڕادەستی پۆلیسی خۆجێیی بکەن، بەڵام بارودۆخەکە بەجۆرێکی دیکەیە و تا ئێستا دۆسیەی ئەمنی لەژێر دەستی سوپادایە.

سەرەڕای بوونی چەندین هێزی سەربازیی جۆراوجۆر لە شاری کەرکووک، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە چەندین کیلۆمەتر لە بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری ئەو شارە پڕبکرێتەوە و ئەمەش بووەتە یەکێک لە بیانووەکانی ڕادەست نەکردنی دۆسیەی ئەمنی پارێزگای کەرکووک بە پۆلیسی خۆجێیی.