بەرتیل خۆرێک یارییەکەی پۆرتوگاڵ و تورکیا بەڕێوەدەبات

فێلیکس زوایەر ناوبژیوانی ئەڵمانی
فێلیکس زوایەر ناوبژیوانی ئەڵمانی

لە یاریی لوتکەی گەڕی دووەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی یۆرۆ 2024 و لە کۆمەڵەی شەشەمی پاڵەوانێتیەکە، هەردوو هەڵبژاردەی پۆرتوگال و تورکیا رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، فێلیکس زوایەر ناوبژیوانی ئەڵمانی ئەرکی یارییەکەی لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام تورکەکان رەخنەیان لە دیاریی کردنی ئەو ناوبژیوانە هەیە.

فێلیکس لە ساڵی 2009 لە بۆندزلیگا دەستی بە کاری ناوبژیوانی کردووە، ئەو ناوبژیوانە لەوەتەی ساڵی 2012 وەکو ناوبژیوانێکی نێودەوڵەتی کار دەکات و یەکێکە لە ناوبژیوانە دیارەکانی ئەوروپا و جیهان و تاوەکو ئێستا 229 یاریی بەڕێوە بردووە، بەڵام بەهۆی کەیسێکی بەرتیلدان کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 2005 دەگەڕێتەوە، لە تورکیا رەخنەیەکی زۆری لێدەگیرێت.

ساڵی 2005 کاتێک فێلیکس زوایەر وەکو ناوبژیوانی یاریی نێوان ڤێردەربرێمەن و ووپێرتال دەست نیشانکرا. یەکێک لە هاوکارەکانی کە نابژیوانی سەر هێڵ بووە، دوای ماوەیەک ئاشکرای دەکات، ئەو ناوبژیوانە 300 یۆرۆی وەکو بەرتیل پێداوە، بۆ ئەوەی چاوپۆشی لە بڕیارەکانی لە بەرژەوەندی یانەی ووپێرتال بکات.

دوای ماوەیەکی کەم دادگایەکی ئەڵمانیا بڕیاریدا لێکۆلینەوە لەگەڵ فێلیکس زوایەر بکات و پاشان ئەو ناوبژیوانە دانی بە تاوانەکەینا و دادگاش بڕیاریدا شەش مانگ لە پیشەکەی سڕ بکات. هەربۆیە سەرچاوەکانی تورکیا نارەزایەتیان هەیە لە بڕیاری دەست نیشانکردنی ئەو ناوبژیوانە، وەکو ناوبژیوانی یاریی هەڵبژاردەکەیان بەرامبەر پۆرتوگال.