چێڵسی بەهرەمەندە بەڕازیلیەکە گواستەوە ریزەکانی
ویلیان ئێستێڤانۆ ناسراو بە مێسینیۆ بەهرەمەندی لاوی بەڕازیلی، بە شێوەیەکی فەرمی پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی چێڵسی ئینگلاندەوە کرد و بووە یاریزانی ئەو یانەیە.
ماڵپەری فەرمی یانەی چێڵسی ئینگلاند بڵاویکردەوە، لەگەڵ یانەی پالمێراسی بەڕازیلی، لەسەر گواستنەوەی هێرشبەرە 17 ساڵانەکەیان گەیشتنە رێککەوتن و ئەو یاریزانە تاوەکو ساڵی 2033 پەیوەندی بە یانەکەیانەوە دەکات.
میسینیۆ هاوینی ساڵی 2025 کاتێک تەمەنی دەبێتە 18 ساڵ، پەیوەندی بە ریزەکانی بلوز دەکات، سەرچاوە فەرمیەکە هیچ ئاماژەیەکی بە تێچووی گرێبەستەکە نەکردووە، بەڵام فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنوسی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، ئەو یاریزانە لاوە بەرامبەر 34 ملیۆن یۆرۆ و 24 ملیۆن یۆرۆ وەکو پاداشت پەیوەندی بە چێڵسی کردووە.
پاداشتەکانی ئەو یاریزانە 6 ملیۆن دەگەڕێتەوە سەر ئاستەکەی لە یانەکەی ئێستای، واتە ئەگەر لەگەڵ یانەکەی لەسەر ئەو ئاستەی تاوەکو هاوینی 2025 بەردەوام بوو، هەروەها 17 ملیۆن پاداشت دەکرێت ئەگەر لەگەڵ یانە نوێیەکەشی توانی ئاستێکی باش پێشکەش بکات، لەلایەکی دیکەوە ئەگەر بێتو بە درێسی بلوز خەڵاتی باڵۆن دۆری بردەوە، ئەو کاتیش 4 ملیۆن یۆرۆ وەکو پاداشت پێشکەشی دەکرێت.