ئیتاڵیا شەڕی مان و نەمان لە یۆرۆ 2024 دەکات
لە یەکێک لە چارەنوسازترین یارییەکانی یۆرۆ 2024 سبەی دوو شەممە، هەردوو هەڵبژاردەی ئیتاڵیا پاڵەوانی وەشانی رابردوو و هەروەها کڕواتیا رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، لەدەستدانی هەر خاڵێک لەم یارییە، بە واتای لەدەستدان و دوورکەوتنەوە لە پاڵەوانێتیەکە دێت.
لە کۆمەڵەی دووەمی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، هەڵبژاردەی ئیسپانیا بە دوو بردنەوەی لەسەر یەک، گەیشتنی وەکو پێشەنگی کۆمەڵەکە بۆ قۆناغی داهاتوو مسۆگەر کردووە، ئەوەی ماوەتەوە لەم کۆمەڵەیە کێبڕکێی نێوان هەرسێ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و ئەڵبانیا و کڕواتیایە.
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دوای دۆڕانەکەی یاریی رابردووی بەرامبەر ئیسپانیا، ئەرکی بۆ گەیشتن بە قۆناغی 16 قورس کردووە. ئازۆری بۆ ئەوەی دووەم بلیتی ئەم کۆمەڵەیە بەدەست بهێنێت، بێجگە لە بردنەوە هیچ چارەیەکی دیکەی نیە، بە پێچەوانەوە لەدەستدانی هەر خاڵێک لەو یارییە، رەنگە ببێتە هۆی دوورکەوتنەوەیان لە پاڵەوانێتیەکە.
هاوکێشەی کۆمەڵەی دووەم بە جۆرێکە، ئیتاڵیەکان تەنها بە بردنەوەیان لەم یارییە بلیتی قۆناغی 16 مسۆگەر دەکەن، لە ئەگەری شکستیان بەرامبەر کڕواتیا، ئەو کاتە رەنگە کڕواتیەکان سەرەڕای ئەوەی تەنها یەک خاڵیان هەیە، سەرکەون بۆ قۆناغی داهاتو.
لەلایەکی دیکەوە هەڵبژاردەی ئەڵبانیا کە پلەی سێیەمی کۆمەڵەکەی گرتووە، ئەو هەڵبژاردەیەش چانسی گەیشتنی بۆ قۆناغی 16 هەیە. بە جۆرێک ئەگەر بێتو کڕواتیا لە ئیتاڵیا بباتەوە و ئەوانیش بردنەوەیەکی گەورە بەرامبەر ئیسپانیا بەدەست بهێنن، ئەو کات ئەوان وەکو دووەمی کۆمەڵەکە سەردەکەوێت بۆ قۆناغی داهاتوو.
چاوەڕێ دەکرێت یەکێک لە چوار باشترین سێیەمەکانی کۆمەڵەکان لەم کۆمەڵەیە بێت، لەبەر ئەوەی رەنگە هەر یەکێکیان ببن بە خاوەنی سێ خاڵ.