چوامینی: فەرەنسا هاوشێوەی ریاڵ مەدرید دەبینە پاڵەوان
ئۆرێلین چوامینی ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، لەو بڕوایەدایە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی هاوشێوەی یانەکەی دەتوانێت ببێتە پاڵەوان.
هەڵبژاردەی فەرەنسا لە دوو یاریی خۆی لە یۆرۆ 2024 بردنەوەیەک و یەکسانبوونێکی هەیە و تەنها یەک گۆڵیشی کردووە، هەر ئەمەش وایکردووە رەخنەیەکی زۆر لە ئاستی یاریزانەکانی ئەو هەڵبژاردەیە بگیرێت، بەڵام چوامینی ناوەڕاستکاری ئەو هەڵبژاردەیە بۆچونێکی جیاوازی هەیە و گەشبینە بە داهاتووی هەڵبژاردەکەی.
ناوەڕاستکارەکەی کەڵەشێرەکان لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاریی ئەمجارەیان بەرامبەر پۆڵەندا گووتی '' زۆرێک پێیانوایە ئاستی هەڵبژاردەکەمان وەکو پێویست نیە، بەڵام ئەوە بۆچوونی هەندێ کەسە دەیانەوێت باش یاریی بکەن و براوە بن، منیش تەنها دەمەوێت براوە بم باش بین یان خراب ''.
چوامینی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت '' من نیگەران داهاتووی هەڵبژاردەکەی نیم، لەبەر ئەوەی ریاڵ مەدرید هاوینی ڕابردوو دۆخێکی هاوشێوەی هەبوو و کەم گۆڵمان دەکرد، بەڵام سەیری ئەو جامانە بکەن کە لە کۆتایی وەرزدا بەدەستمان هێنا. هەروەها فەرەنسا دەتوانێت ببێتە پاڵەوانی یۆرۆ بە شێوازی ڕیاڵ مەدرید ''.
هەڵبژاردەی فەرەنسا لە دوایین یاریی قۆناغی کۆمەڵەکانی یۆرۆ 2024 و سێ شەممەی داهاتوو رووبەڕووی پۆڵەندا دەبێتەوە، بە بردنەوە لەم یارییە سەرکەوتنی بۆ قۆناغی 16 مسۆگەر دەکات.