داوا دەكرێت نوێنەرانی كورد لە بەغدا دەستلەكار بكێشنەوە
"ئاراستەیەك دروستبووە لە بەغدا دەیەوێت ھەموو شكستەكانی حكوومەتی عێراق بخاتە ئەستۆی نوێنەرە كوردەكان"
K24 – ھەولێر
تۆڕی رێكخراوە مەدەنییەكان لە ھەولێر كەمپینی گەڕانەوەی نوێنەرانی كوردیان لە بەغدا بۆ كوردستان راگەیاند و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا داوایان لە نوێنەرانی كورد لە بەغدا كرد دەستلەكار بكێشنەوە و بگەڕێنەوە ھەرێمی كوردستان.
لە یاداشتێكدا كە ئاراستەی نوێنەرانی كورد لە بەغدا و رای گشتیان كردووە رێكخراوە مەدەنییەكان دەڵێن: "لەكاتێكدا كە رۆژ دوای رۆژ بارودۆخی ھەرێمی كوردستان و عێراق لە ھەموو رووێكەوە روو لە خراپتر دەكات، ناڕەزایەتی خەڵكیش زیاتر دەبێ، ئەو بارودۆخە سیاسیی چەقبەستوو خەڵكی ھەرێمی كوردستانی بێئومێد كردووە و قەیرانی دارایی و بێ مووچەیی ھێندەی دیكە دۆخەكەی ئاڵۆزتركردووە، پێشمەرگە قارەمانەكانیش رۆژانە لە سەنگەرەكانی بەرگریكردن لە خاكی پیرۆزی كوردستان خوێن دەبەخشن، لەولاشەوە حكوومەتی عێراق ھیچ پێزانینێكی نییە ئەمە، ئاراستەیەك دروستبووە لە بەغدا دەیەوێت ھەموو شكستەكانی حكوومەتی عێراق بخاتە ئەستۆی نوێنەرە كوردەكان".
تۆڕی رێكخراوە مەدەنییەكانی ھەولێر راشیدەگەیەنن: "لێرەوە داوا لەسەرجەم نوێنەر و وەزیرە كوردەكان دەكەین، ھەڵوێستێكی نیشتمانی بنوێن و بە فەرمی و بە كۆمەڵ دەستلەكاربكێشنەوە".