ئەمەریکا هۆشداریی لە فراوانبوونی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات

سنووری لوبنان - ئیسرائیل (وێنە: ئەرشیف)
سنووری لوبنان - ئیسرائیل (وێنە: ئەرشیف)

سوپای ئەمەریکا هۆشداری دەدات، لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبوڵڵا لە لوبنان، ئەوا گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دەچنە پاڵ حزبوڵڵا و شەڕ تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە.

جەنەراڵ چارڵز براون، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی سوپای ئەمەریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان مەترسیدارە، چونکە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە و نزیک لە ئێران دەچنە پاڵ چەکدارانی حزبوڵڵا و دژی ئیسرائیل شەڕ دەکەن، بەمەش بازنەی شەڕ فراوان دەبێت و دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت.

چارڵز ڕاشیگەیاند، حزبوڵڵا  لەڕووی چەک و ڕاهێنانەوە لە حەماس بەهێزترە، هەروەها لەلایەن ئێرانەوە هاوکاریی لۆجستیی سەربازی زیاتر دەکرێت. بۆیە، پێشبینی شەڕێکی ئاسان ناکرێت.

هەروەها کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای عێراقی وەک یەکەم گرووپی چەکداری بەئاشکرا پشتیوانیی خۆی بۆ حزبوڵڵا و چوونە بەرەی شەڕ لە دژی ئیسرائیل ڕایگەیاند.

لەمبارەوە کازم فەرتوسی، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای عێراقی ڕایگەیاندووە، هێرش بۆ سەر غەززە و باشووری لوبنان لە چوارچێوەی یەک بازنەی شەڕە کە عێراقیش تێیدا بەشدارە. بۆیە، ئەگەر سوپای ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر لوبنان، ئەوە چەکدارانی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا دەچێتە پاڵ حزبوڵڵای لوبنانی و بەشداری شەڕی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل دەکەن.

فەرتوسی هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردووە و ڕایگەیاندووە، ئەگەر هێرشی سەر باشووری لوبنان بکات، ئەوە گۆڕی خۆی هەڵکەندووە، چونکە ڕووبەڕووی گرووپەکان بەرەی مقاوەمە دەبێتەوە.

پێشووتر، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بارەی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی هۆشداریی لە ڕوودانی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی دابوو لە ئەگەری فراوانبوونی شەڕ و ڕایگەیاندووە، داواشی لە ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی کردووە خۆیان لە ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە و فراوانکردن مەیدانی شەڕ بەدوور بگرن، چونکە یەک جوڵەی هەڵەشە، ناوچەکە ڕووبەڕووی کارەسات دەکاتەوە و نامانەوێت هەمان سیناریۆی غەززەیەکی لە لوبنان دووبارە بێتەوە.

هەر بەهۆی ترس و نیگەرانییەکانەوە، چەندین وڵاتی عەرەبیی و ڕۆژئاوایی هۆشدارییان داوەتە ئەو هاووڵاتییانەیان کە گەشتی لوبنانیان کردووە و داوایان کردووە هەرچی زووە لوبنان بەجێ بهێڵن.

هاوکات باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماتکارییەکانی وڵاتان لە ئامادەباشیدان لە ئەگەری خراپتربوونی دۆخە لوبنان بەجێ بێڵن.

سێشەممەی هەفتەی ڕابردوو، ئەنجوومەنی سەربازیی سوپای ئیسرائیل پلانی شەڕیان دژی لوبنان و بە دیاریکراوی چەکدارانی حزبوڵڵا پەسەند کردووە.

ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئاسایشی سنوور و ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل، گەورە فەرماندەکانی سوپا پلان و هەنگاوی فراوان کردنی بەرەی شەڕ و هێرشی زەمینیان بۆ سەر باشووری لوبنان لە دژی چەکدارانی حزبوڵڵا پەسەند کردووە.