ژمارەی قوربانییانی هێرشەکانی داغستان بەرزبووەوە

دیمەنێکی هێرشەکەی داغستان
دیمەنێکی هێرشەکەی داغستان

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، سێرگی مێلیکۆڤ، سەرکۆماری داغستانی ڕووسیا ڕایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی هێرشە تیرۆریستییەکانی داغستان بەرز بووەتەوە، زیاتر لە 15 پۆلیس و ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیل کوژراون.

سێرگی مێلیکۆڤ، سەرکۆماری داغستانی ڕووسیا لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە پلاتفۆرمی تێلێگرامی خۆی بڵاوی کردۆتەوە ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ زیاتر لە 15 ئەفسەری پۆلیس بوونەتە قوربانی هێرشە تیرۆریستییەکەی داغستان، هەروەها لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکاندا زۆرێک لە خەڵکی سڤیل کوژراون.

لێژنەی دژەتیرۆری ڕووسیا ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە دێربێنت و مەحەچ قەڵا هێرشی چەکداری بۆ سەر دوو کڵێسای ئۆرتۆدۆکس و کەنیستی جولەکەکان و بنکەیەکی پۆلیسی هاتوچۆ کرا،  لێژنەی لێکۆڵینەوەی ڕووسیا لە داغستان دۆسیەی بۆ تاوانەکە کردەوە بە ماددەی هێرشی تیرۆریستی.

وەزارەتی ناوخۆی داغستان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا شەش کارمەندی جێبەجێکردنی یاسا کوژراون و 12ـی دیکەش برینداربوون.

پێشتریش ئاماژە بەوە درابوو کە ژمارەی کوژراوان لە ئەنجامی هێرشە تیرۆریستییەکە لە داغستان بۆ نۆ کەس بەرزبووەتەوە کە حەوت لەوانە کارمەندانی جێبەجێکردنی یاسا بوون، جگە لەوەش قەشەیەکی کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسیش کوژرا و 25 کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها کوژرانی بەرپرسی بەشی پۆلیسی هاتوچۆی داغستانیش بڵاو کرایەوە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، هێزە ئەمنییەکان لە کۆماری داغستانی ڕووسیا، ڕایانگەیاند، لانیکەم شەش چەکداریان لە داغستان کوشتووە، کە چواریان لە مەحەچ قەڵا و دوو چەکداریان لە دێربێنت بوون.