کارگەیەکی پاتری ئاگری گرتووە 21 کەس بزر بوونە و کرێکارێکیش مردووە

ئەمڕۆ دووشەممە، ئاگر لە کارگەیەکی پاتری لە باشووری شاری سیئۆل کەوتەوە و بەپێی ئاژانسەکانی ئاگرکوژێنەوە 21 کەس بزرن و کەسێکیش مردووە.

ئاگرکوژێنەوەکان ڕایانگەیاندووە، ئاگرەکە لە کارگەیەکی پاتری لیتیۆمی سەر بە کۆمپانیای "ئاریسێل" لە شاری هواسیۆنگ کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە.

ئاماژەیان بەوەش دا، کرێکارێک گیانی سپاردووە و کرێکارێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە، هەروەها دوو کەسی دیکەش بە سووکی بریندار بووە، بە گوتەی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، لانیکەم 21 کرێکار لەناو باڵەخانەکەدا گیریان خواردووە.

هێشتا هۆی ئاگرکەوتنەوەکە  لە باڵەخانە 3 نهۆمیەکەدا کە ڕووبەرەکەی نزیکەی دوو هەزار و 300 مەتر چوارگۆشەیە، نەزانراوە.

بنکەی ئاگرکوژێنەوەی هواسیۆنگ ڕایگەیاندووە، ئاگرەکە بە خێرایی بڵاوبووەتەوە، بەهۆی شانەکانی پاترییەکان، ئەمەش وای کردووە کە ئاگرکوژێنەوەکان نەتوانن بچنە ناو باڵەخانەکەوە و بەدوای ئەوانەدا بگەڕێن کە لە ژوورەوەدا گیریان خواردووە.

کاتی کەوتنەوەی ئاگرەکە 67 کرێکار لەو کارگەیەدا بوونە، کە تاوەکو ئێستا 21 کرێکار بزرن و  ترسی ئەوە هەیە ژمارەی مردووەکان زیاتر بێت.