خوانە چەور و هەمەڕەنگەکەی پوتین

بەگوێرەی ئەو وێنەیەی کە کرێملین بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆکی ڕووسیا وەرزشکارێکی پلە یەکە و خۆراکی تەندروست دەخوات و جگەرە ناکێشێت. بەڵام پۆتین پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات کە چ خواردنێک لە سەر خوانی  ڕۆژانەیدا هەبێت؟

هێلکەی خاوی پۆڕ

پوتین ڕۆژەکەی بە فراوینێکی  دەوڵەمەند و درەنگ دەست پێ دەکات، ئەم ژەمە بۆ ئەو زۆر پێویستە، بەتایبەتی کاتێک خشتەی کارەکانی چڕ و پڕ بێت. فراوینی سەرۆکی ڕووسیا زۆرجار لە شۆربای گەنم پێک دێت کە بە شۆربای "پۆریدج" ناسراوە. وەک جارێک بە ڕۆژنامەنووسانی گوتووە، ئەو جۆرە پەنیرێک دەخوات کە لە لەلایەن گوندنیشینەکانەوە دروست کراوە، بە زمانی ڕووسی پێی دەوترێت "تڤۆروک" هەروەها لە نێو پێکهاتەکانی فراوینی پۆتین، هەنگوین، هێلکەی پۆڕ 'بە خاوی دەیخوات' تێدایە، هەروەها خواردنەوەی بەیانیانی پۆتین بریتییە لە کۆکتێلێک لە شەربەتی چەوەندەر و توور، کە بە تێکەڵەیەکی بە سوود دژی هەوکردن و بەرزکردنەوەی بەرگریی لەش ناسراوە.

خواردنی نیوەڕۆی ڤلادیمێر پوتین

ساڵانێک لەمەوبەر، سەرۆکی ڕووسیا سەردانی چێشتخانەیەکی دەکرد بە ناوی "پۆدڤۆری" لە سانت پتەرسبۆرگ، بۆ ئەوەی لەوێ نانی نیوەڕۆ بخوات، بەڕێوەبەرایەتی چێشتخانەکەش بڕیاری دا ئیلهام لە داواکارییەکانی سەرۆک وەربگرێت بۆ خواردنی تایبەت و زیادکردنی بۆ مینۆکە، ڤلادیمێر پوتین پێشنیازی کرد، دیارترین خواردنەکانی " گۆشتی سوورەوەکراو بە تاوە، کە کۆمەڵێک گۆشت وەک پاستە و سۆسیس و سکالۆپ"، لەنێو ئەو خواردنانە بێت کە داوای کردبوو، لەگەڵ ماسی برژاو کە بە لیمۆ و کەرە.

بەڵام چ لە چێشتخانە بێت یان لە کۆشک، هەموو خواردنەکانی سەرۆکی ڕووسیا پێش ئەوەی بیخوات، پشکنینیان بۆ دەکرێت، بە گوتەی نووسەری بەریتانی "بن جودا" کە کتێبێکی لەسەر پوتین نووسیوە، لە ترسی ژەهراوی بوون، هەموو ئەو شتانەی بیەوێت بیخوات دەبێت پشکنینی بۆ بکرێت.

بەپێی ڕۆژنامەی "پراڤدا"ی ڕووسی، لەسەر بنەمای ئەم نیگەرانییە، چێشتخانەی کرێملین سەوزە و میوە و کەرەستەی تری تازە لە زەویەکانی سەر بە پاتریارکی کیریلی ڕووسیا هاوردە دەکات.

سەرەتا ئایسکرێم

کاتێک پرسیار لە سەرۆکی چێشتلێنەری پێشووی کرێملین کرا کە سەرۆک پوتین زۆر حەزی لە خواردنی چییە؟ لە وەڵامدا گوتی: "ئایسکرێم بە میوە". زۆر وێنە هەیە کە پوتین ئایسکرێمی خۆماڵیی دەخوات و دەرخواردی  میوانان و هاوڕێ سەرۆکەکانی دەدات.

سەرەڕای ئەوەی پۆتین زۆر حەزی لە بەستەنییە، بەڵام خۆی لە شەکر و شیرینی لادەدات و لە جیاتییان پاش نیوەڕوان میوە دەخوات، ئاماژەی بەوەش کرد: ئەگەر کەفیر هەبێت، لەدەستی نادەم، کەفیر بریتییە لە جۆرە سەرتوێیەک شوانەکانی ناوچەی قەوقاز دروستی دەکەن. یەکێکی دیکە لە خواردنەوە دڵخوازەکانی پوتین چای سەوزە.

سەبارەت بە خواردنەوە کحوولیەکان، کە ڕووسەکان پێی ناسراون، پوتین بە ڕێژەیەکی مامناوەند دەیانخواتەوە. تەنانەت چەندین جار ڕەخنەی لە "فەرهەنگی کحوول"ی ڕووسیا گرتووە و هەوڵی داوە پلانێک بۆ کەمکردنەوەی خواردنەوەی بە ڕێژەی لەسەدا 50 لەسەر ئاستی وڵات دابڕێژێت.

کفتەکەی دایە

پوتین بۆ تامکردنی خواردنە نوێ و ناوخۆییەکان بە تایبەت لە کاتی گەشتەکانی دەرەوەی وڵاتدا هیچ کێشەیەکی نییە. ئەو بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، کە ئارەزووی لە زەڵاتە و سەوزەی وەک تەماتە و خەیارە. هەروەها زۆر حەزی لە شۆربای مریشکی بە ڕشتەیە، هەروەها برنج و گەنمی پێ باشترە لە شۆفان.

بەو پێیەی خووی خواردنی سەرۆکی ڕووسیا ڕای گشتی سەرقاڵ دەکات، زۆرجار ئاژانس و ڕۆژنامە ڕووسی و نێودەوڵەتییەکان هەوڵ دەدەن بەدواداچوون بۆ نهێنییەکانی خۆراکی پۆتین بکەن. ئاژانسی "تاس"ی ڕووسی دوو ساڵ لەمەوبەر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و لە زاری گوتەبێژی کرێملینەوە گوتی: سەرۆکی ڕووسیا ژەمە سووکەکانی پێ باشترە و نان ناخوات. بەڵام کفتەیەی بە لە برنج و گۆشت ناواخنکراو، وا دەکات ئەو یاسایە بشکێنێت. تاکە خواردنێکە پوتین ناتوانێت دەستبەرداری بێت، چونکە دایکی ماریا ئیڤانۆڤنای بیردەخاتەوە ئەو دەمی لە سانت پێتەربۆرگ بوون، بۆی ئامادە دەکرد، .

تامێکی تری منداڵی شۆربای بەرخە لەگەڵ گیای چیای قەوقاز. ئەم خواردنە چیرۆکێکی تایبەتی هەیە، وەک چۆن پێشتر پوتین بە دەستی سپیریدۆنی باپیرەی دەیخوارد. سەرۆکی ڕووسیا چەندین جار دەڵێت ماسیی بە باشتر دەزانێت لە گۆشت، بەڵام حەزیشی لە گۆشتی بەرخە.

باپیری پۆتین
باپیری پوتین

نەوەى سپیریدۆن پوتین

لە ساڵی 2018 سەرۆکی ڕووسیا لە فیلمێکی دیکۆمێنتاریدا دەرکەوت کە تیایدا بە کورتی باسی لە باپیرەی کرد کە ناوی سپیریدۆن ئیڤانۆڤیچ پوتین بوو، لەو کاتەدا ئاشکرا بوو کە ئەو پیاوە "لایەنگرێکی بەهێزی تیمی ستالین بووە"، لێکۆڵینەوە لە بنەماڵەی پوتین دەری دەخات کە سپیریدۆن (1879 - 1965) چێشتلێنەری تایبەتیی لینین، سەرۆکی ئەودەمی سۆڤیەت بووە، هەروەها هەندێکجار خواردنی بۆ جۆزێف ستالین دروست کردووە.

لە تەمەنی 12 ساڵیدا، سپیریدۆن پوتین لە هۆتێلێکی بچووکی گوندەکەی خۆیدا کارێکی دۆزیەوە، دوای سێ ساڵ چووە سانت پیتەرسبۆرگ، لەوێ هونەری چێشتلێنانی خوێند، دواتر لە هۆتێلی بەناوبانگی "ئەستۆریا" کاری کرد.