ئاری ئەحمەد قادر: لە نزیکترین کات دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان مووژدە بە هاووڵاتییانی چەمچەماڵ دەدات کە لە ماوەی مانگێکدا ئیشی دانانی کەمپ و دیاری کردنی شوێنی بەشەکانی پڕۆژەکە ئەنجام دەدرێت، بڕیاڕیشە لەماوەی دوو ساڵدا پرۆژەکە بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییانی چەمچەماڵ.
دووشەممە (24ـی حوزەیرانی 2024)، ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دوای ئەوەی پیرۆزبایی لە خەڵکی چەمچەماڵ کرد کە کێشەی کەمئاویان چارەسەر دەبێت، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە سەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ کێشەی ئاوی چەمچەماڵ کرا، بۆیە بە پلانی کورت خایەن چەند پرۆژەیەک جێبەجێکران، بەڵام بەپلانی درێژ خایەن پرۆژەی ستراتیژی ئاوی گۆپتەپە –چەمچەماڵ خرایە ڕوو، ئەو پرۆژەیە لە توانایدا هەیە لە کاتژمێرێکدا 3400 مەتر سێجا ئاو بۆ ناوچەکە دابین بکات کە بۆ ماوەی 20 ساڵ کێشەی کەمئاویی لە چەمچەماڵ چارە دەکات.
ئاری ئەحمەد قادر ئاشکرای کرد، لە کاتی ئیمزاکردنی گرێبەستی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە- چەمچەماڵ لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی دووپاتی کردوەتەوە کە ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکە زوو جێبەجێ بکەن و بە 730 ڕۆژ، بگرە زووتریش پرۆژەکە تەواو بکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ تیشکی خستە سەر ئەوەی، بەهۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی، گرێبەستیی پێشووی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە- چەمچەماڵ پێشتر هەڵوەشاوەتەوە، دەشڵێت، ئێستا پرۆژەکە 78 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکراوە، پێویستە لە ماوەی جێبەجێکردنی ئەو بڕە پارەیە دابین بکرێت.
بۆ چارەکردنی کێشەی بێ ئاوی چەمچەماڵ تا ئەو کاتەی پرۆژەکە تەواو دەبێت، ئاری ئەحمەد قادر گوتی، لە پرۆژەکانی ئاوی دووکان 25 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ چەمچەماڵ ڕادەکێشرێت، لەگەڵ لێدانی 10 بیر لە کانی شەیتان، ڕایگەیاند، دوای جێبەجێکردنی پرۆژە ستراتیژیەکە، ئەو بڕە ئاوە دەگەڕێندرێتەوە بۆ شاری سلێمانیی.