پەرلەمانی عێراق نەیتوانی لیژنە هەمیشەییەکانی دابەش بکات
پەرلەمانی عێراق بە نیازە لیژنەکانی کەم بکاتەوە و پشکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە چوار بۆ سێ لیژنە کەم دەبێتەوە
پەرلەمانی عێراق دانیشتنەکانی تایبەت بە دەنگدان و هەڵبژاردنی سەرۆکی لیژنە هەمیشەییەکانی تاوەکو کاتێکی نادیار دواخست، هۆکارەکەشی کەمکردنەوەی لیژنەکان و ناکۆکی و رێکنەکەوتنی نێوان لایەنەکانە.
فەرمانگەی میدیایی و راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە کورتە راگەیەندراوێکدا، هەڵپەساردنی دانیشتنەکانی بۆ دەنگدان و دانانی سەرۆک و ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکانی بۆ کاتێکی نادیار دواخست، ئەمەش لە کاتێکدایە بەگوێرەی ئەو کارنامەیەی بۆ کۆبوونەوە و دانیشتنی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، دانرابوو، دەبوایە لە ئەمڕۆدا لیژنە هەمیشەییەکان یەکلا بکرابوونایەوە، بەڵام بەبێ رێککەوتن، کۆبوونەوەکە دواخرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ناکۆکیی نێوان فراکسیۆنەکانی شیعە، سوننە و کورد لەبارەی چۆنییەتی دابەشکاریی لیژنەکانی پەرلەمان هۆکاری دواخستنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ و یەکلایی نەکردنەوەی لیژنەکانە، لە بنەڕەتدا پەرلەمانی عێراق 22 لیژنەی هەمیشەیی هەیە، هەرچەندە بڕیاربوو بۆ 26 لیژنە زیاد بکرێن، بەڵام پاشگەزبوونەتەوە و بڕیارە بۆ 20 لیژنەی هەمیشەیی کەم بکرێتەوە، لەنێویاندا پشکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە 4 لیژنەوە بۆ 3 لیژنەی هەمیشەیی کەم دەبێتەوە، کە لیژنەکانی یاسایی، تەندروستی و دەرەوە پێکدێن، بەڵام فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەخت لەسەر چوار لیژنەکە دەکەنەوە، جگە لەم 3 لیژنەیەی دیکە، داوای لیژنەی نەوت و گازیش دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ و کارنامەی کۆبوونەوەکان، دەبوایە پەرلەمانی عێراق لە 2026/11/01 ـەوە بچێتە پشووی وەرزی یەکەمی یاسادان، بەڵام بەهۆی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـەوە، پشووی وەرزی یەکەمی یاسادانان بۆ سەرەتای مانگی 12ـی ئەمساڵ دواخراوە، واتە یەک مانگ کار و کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق درێژکراوەتەوە بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی نوێ تێپەڕێندرێت. بەمەش پرسی یەکلاکردنەوەی لیژنەکانی پەرلەمانی بۆ وەرزی دووەمی سایادانان دوا دەخرێت.