ڕووسیا.. ئاگر لە باڵەخانەیەکی زەبەلاح کەوتووتەوە و قوربانیش هەیە

ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی نزیک مۆسکۆ
ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی نزیک مۆسکۆ

کاربەدەستانی ڕووسیا ڕایانگەیاند، لە نزیک مۆسکۆی پایتەخت ئاگر لە باڵەخانەیەک کەوتووتەوە کە نووسینگەی نزیکەی 30 کۆمپانیای تێدایە، بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان دوو کەس مردوون.

سەرۆکی شارەوانیی هەرێمی مۆسکۆ، ئەندرێ ڤۆرۆبیۆڤ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام بڵاوی کردووتەوە، تاوەکوو ئێستا تەنیا لە مردنی دوو کەس دڵنیاین ئەوانیش لە ترسی ئاگرەکە لە پەنجەری نهۆمەکانی سەرەوەی باڵەخانەکە خۆیان خستووتە خوارەوە.

ڕاشیگەیاندووە، چارەنووسی دوو ئافرەتیش نەزانراوە کە کاتی ئاگرکەوتنەوەکە لە نێو باڵەخانەکەدا بوون، تەنیا توانراوە پیاوێک ڕزگار بکرێت و ئێستا لە نەخۆشخانە تیمار دەکرێت.

سەرۆکی شارەوانی هەرێمی مۆسکۆ ئاماژەی داوە، ئاگرەکە ڕووبەری پێنج هەزار مەتر چوارگۆشەی گرتووە، هەرچەندە زیاتر لە 130 کەس و 50 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن، بەڵام ترس هەیە هەموو باڵەخانەکە بگرێتەوە بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک بوتڵی ئوکسجین لەنێو باڵەخانەکەدا هەن، ئەگەر بتەقنەوە ئەوە ئەگەری ڕووخانی بنمیچی چەند نهۆمێکی باڵەخانەکەی لێ دەکرێت.