ناچۆ پەیامێكی بۆ ماڵئاواییكردنی ریال مەدرید بڵاوكردەوە

ناچۆ فێرناندێز بەرگریكاری پێشووی یانەی ریال مەدرید
ناچۆ فێرناندێز بەرگریكاری پێشووی یانەی ریال مەدرید

یانەی ریال مەدرید رۆیشتنی ناچۆ فێرناندێزی بەرگریكاری یانەكەی راگەیاند و لە دوای یۆرۆی 2024 ئەو یاریزانە راستەوخۆ پەیوەندی بە خولی سعوودیەوە دەكات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 25 حوزەیرانی 2024، یانەی ریال مەدرید لە بەیاننامەیەكی فەرمی دوای 23 ساڵ یاریكردن رۆیشتنی ناچۆ فێرناندێزی راگەیاند.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی فابریزیۆ رۆمانۆ بڵاوی كردووەتەوە ناچۆ فێرناندێز بە گرێبەستێك بۆ ماوەی دوو ساڵ لەگەڵ یانەی قادسیەی سعوودیە گەیشتووەتە رێككەوتن.
ناچۆ فێرناندێز، دوای ئەوەی بڕیاری رۆیشتنی لە ریال مەدرید دا، پەیامێكی ماڵئاوایی بڵاو كردەوە و رایگەیاند دوای مانگێك بیركردنەوە ئەو بڕیارەی داوە، دەشڵێت: لە تەمەنی 10 ساڵی دا كاتێك هاتمە ئێرە، لە ریال مەدرید سەرەتا فێری بەهایەی مرۆڤایەتی بووم، پاشان فێری بردنەوە و دۆڕان و جەنگ و ئازار و چێژ وەرگرتن بووم، ریال مەدرید یانەیەكە تەنانەت بەبیركردنەوە لە ناوەكەی هەست بە شانازی و دڵخۆشی دەكەیت، شانازی دەكەم وەكو كاپتن نازناوی پازدەیەمینی چامپیۆنزلیگم بردەوە.
ناچۆ لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا نووسیویەتی: سوپاس سەرۆك فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ ئەو دڵسۆزییەی بە منت بەخشی، سوپاس بەڕێز كاڕلۆ ئانچیلۆتی كە واتكرد من باشتربم، سوپاس بۆ یاریزانەكان ئێوە هاوڕێ و برا و خێزانی منن، هەست بە شانازی دەكەم وەكو كاپتن توانیم نازناوی پازدەیەمینی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ ریال مەدرید ببەمەوە، سوپاس بۆ ئەو هێز و وزەی لەنێو ناخی من دا گەشەتان پێكرد، ئەزموونی ئەو یانەیە كە خەونی منداڵیم بوو هەرگیز لەبیر ناكرێت.
ناچۆی 34 ساڵ، لە ئەكادیمیای یانەی ریال مەدرید دەستی بە یاریكردن كردووە، سەرجەم نازناوە بە كۆمەڵەكانی لەگەڵ یانەی شاهانەكان بەدەستهێناوە، لە نێویاندا 6 نازناوی چامپیۆنزلیگ، 4 نازناوی سووپەری ئەورووپا، 5 نازناوی مۆندیالی یانەكانی بردووەتەوە، بەشداریی 364 یاریی لەگەڵ ریال مەدرید كردووە، 16 گۆڵ و 10 ئاسیستی تۆمار كردووە و لەم هاوینە كاروانی یاریكردنی لەگەڵ مێرنگی كۆتایی هات و بە گرێبەستێكی ئازاد یانەكە بەرەو خولی سعوودیە جێدەهێڵێت.

.