سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەنداوی چەمرگەی کردەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، 25-06-2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکدا، (بەنداوی چەمرگە)ی لە سنووری قەزای قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر کردەوە.
دوای بەسەرکردنەوەی بەشەکانی بەنداوەکە، سەرۆکی حکوومەت لە گوتەیەکدا باسی لەوە کرد کە لە کابینەی نۆیەمدا، بایەخێکی زۆر بە بابەتی پاراستنی سامانی ئاو و دروستکردنی بەنداو و پۆند دراوە و لەم ڕووەوە، چەند پڕۆژەیەکمان لە سەر تاسەری کوردستان کردووە و بەردەوامیش دەبین، کە بێگومان سوودێکی زۆر و جۆراوجۆری دەبێت .
سەرۆکی حکوومەت هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بەنداوانە لەلایەکەوە دەتوانن ئاو گلبدەنەوە و دەکرێ بۆ مەبەستی كشتوكاڵ سوودێکی زۆریان لێ وەربگیرێت و هەندێك جاریش بەنداوە گەورەكان بۆ بەهەرمهێنانی وزەی کارەباش بەکار دەهێنرێن. هەروەها لە ڕووی گەشتیاریشەوە دیمەنێکی جوان بە ناوچەکە دەبەخشن و خەڵک کاتێکی خۆشی تێدا بەسەر دەبەن. لە لایەکی دیکەش بەنداوەکان دەتوانن مەترسی دروستبوونی لافاو و زیانگەیاندن بە زەوی و زار کەم بکەنەوە .
سەرۆکی حکوومەت جەختیشی لەوە کردەوە کە زۆر گرنگە سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگیرێت و ئاوی ژێر زەوی زۆر بەکار نەهێنین. چونکە، بە داخەوە خەریکە ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان، بە ڕێژەیەکی مەترسیدار دەچێتە خوارەوە. گوتیشی سامانی ئاو و سامانە سروشتییەکان تەنیا هی ئێمە نین بەڵکو هی نەوەکانی داهاتووشن ، بۆیە دەبێ پارێزگاری لێ بکەین .
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە بە پێی بەرنامەی حکوومەت کارمان کردووە کە باشترین شێوە، سوود لە سامانی ئاو وەربگرین. جێی دڵخۆشیە کە بەنداوی چەمرگە تەواو بووە و لە زۆر شوێنی دیکەش، بەنداوی دیکە هەن کە تەواو دەبن و هەندێکیشیان تەواو بوون و دروستكردنی ئەم بەنداوانە بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستیانە سوود لە سامانی ئاو وەربگیرێت.
بەنداوی چەمەرگە بە گوژمەی چوار ملیار و سێسەد ملیۆن دینار، لە سەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە توانا و شارەزایی ناوخۆیی و بە پێی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکان دروست کراوە. بەرزی بەنداوەکە 17.5مەتر و درێژییەکەشی 262 مەتر و پانیەکەشی لە سەرەوە 8 مەترە. هەروەها توانای گلدانەوەی یەک ملیۆن و 110 هەزار مەتر سێجای هەیە.