هەڵبژاردنی ڕۆژاوای کوردستان بۆ هەسەدە 'رێکخستنی کارگێڕی' و بۆ تورکیاش 'دامەزراندنی دەوڵەت'ـە

هەڵبژاردن
هەڵبژاردن

هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ڕۆژاوای کوردستان و بەشێکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە تورکیا یەکێکە لە ڕۆژەڤە سەرەکییەکان. گوتەبێژی پارتی دەسەڵاتدار لە تورکیا دەڵێت، چاوپۆشی لە هەڵبژاردنەکە ناکەن، "چونکە ئەمە بە مانای دروستکردنی دەوڵەت دێت".

هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ڕۆژاوای کوردستان و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ تورکیا دامەزراندنی دەوڵەتە و بۆ ئیدارەی خۆسەر رێکخستنەوەی کاروباری کارگێڕیی. هەرچەندە لەلایەن تورکیاوە ڕەت دەکرێتەوە، بەڵام بەرپرسێکی باڵای کوردی ڕۆژاوای کوردستان دەڵێت، هەڵبژاردنەکان بۆ ڕێکخستنی کاروباری ناوخۆییە و ڕژدن لەسەر کردنی.

عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی دەسەڵاتداری تورکیا "ئاکپارتی" دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیاری پارتەکەی وەک وەڵامێک بۆ ڕژدیی بەڕێوەبەڕایەتیی خۆسەر لەسەر کردنی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ڕۆژاوای کوردستان و ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە دان، ڕایگەیاند: ئامانجی هەڵبژاردن دروستکردنی دەوڵەتە کە ئەو بە تیرۆریستان پێناسەی کرد.

 عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لەوبارەوە گوتی: "لە نزیکەوە چاودێریی کۆمەڵێک چالاکیی تیرۆریستی لە باکووری سووریا دەکەین. پەیەدە کە پەکەکەی سووریایە هەوڵیان دەدا هەڵبژاردن بکەن، ئێستاش بەدوای ڕێگەی چارەی دیکەوەن. جارێکی دیکە جەخت لە هەڵوێستی توندمان دەکەمەوە. ئەمە تەنیا هەڵبژاردنێک نییە، ئەم جۆرە چالاکییانە بەواتای دامەزراندنی دەوڵەتی تیرۆریستان دێت، دەیانەوێت هەڵبژاردنەکان بۆ ئەم مەبەستە بەکار بهێنن.

بە گوتەی چەلیک، هەڵبژاردنەکە "هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی سووریا. بەبۆچوونی ئێمە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی ئەوەی کە ناکرێت هەڵبژاردنێکی ڕاست و دادپەروەرانە و شەفاف لەو ناوچەیە بکرێت، بڕیارێکی ڕاستە. ڕێگە نادەین پیشهاتێکی لەو جۆرە ڕوو بدات و ئازارەکانی ڕابردوومان وەبیر بخاتەوە."

ڕۆژی یەکشەممە ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پەیەدە لەبارەی هەڕەشەکانی تورکیا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکە گوتی، "ئەمە پرسێکی ناوخۆییە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕژدە لەسەر کردنی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان". جەختیشی کردەوە، "کورد ویستی جیابوونەوەی لە سووریا نییە و هەڵبژاردنەکە لەپێناو ڕێکخستنەوەی کاروباری ناوخۆیی ئەو ناوچانەیە کە لە دەرەوەی هێزە رێکخراوەکانی سووریا دان."

لە لایەکی دیکەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ئەوان لەبارەی یەپەگە کێشەیان لەگەڵ ئەمەریکا، بەریتانیا و کەمێکیش لەگەڵ فەرەنسا هەیە. "بوونی یەپەگەش بەهۆی ئەوانەوەیە، چونکە ئەگەر پاڵپشتی نەکەن، یەپەگە ناتوانێت خۆی بگرێت".

دواخستنی هەڵبژادنەکە بۆ مانگی ئاب

پێنجشەممە، 06-06-2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی بۆ مانگی ئاب (هەشت)ـی ئەمساڵ ڕاگەیاند.

وا بڕیاربوو هەڵبژاردنەکە 11ـی ئەم مانگە، بۆ جاری یەکەم لە دوای دامەزراندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە 151 شار و شارۆچکەی ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی (هەسەدە) بکرێت.

کۆمیسیۆنەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئەوەی خستووتەڕوو، لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک هێز و لایەنی سیاسیی بەشدار لە هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی (هەسەدە)، داوای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانیان کردبوو، بۆیە ئەوانیش لە وەڵامی داواکارییەکەیان، هەڵبژاردنەکەیان دواخستووە.