حەیدەر عەبادی بۆمبێک فڕێدەداتە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی

عەبادی: ساڵی 2016 هەندێک لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگی داوای کۆمەڵکوژکردنی لایەنگرانی سەدری لێکردم

حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر
حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر

حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق بۆمبێک فڕێدەداتە نێو چوارچێوەی هەماهەنگیی بەبێ ناوهێنانی هیچ لایەنێکی سیاسی چوارچێوەکە، دەڵێ؛ ساڵی 2016 لایەنێکی چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لێکردووم لایەنگرانی ڕەوتی سەدر بە چەک و فڕۆکە کۆمەڵکوژ بکەم.

عەبادی لە میانەی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی کەناڵێکی عێراقی ئەمەی ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، کۆمەڵکوژکردنی لایەنگرانی سەدر داواکاری هەندێک لایەنی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بووە، هەرچەندە خۆپیشاندەران ئەو کاتە چوونە نێو نووسینگەی سەرۆکوەزیران و ئەمەش بەپێشێلکردنی یاسا و سەروەری وڵات هەژمار دەکرێت، بەڵام ڕەتیکردووەتەوە هیچ هێزێک لە دژیان بەکاربێنێت چونکە ئەوان هاووڵاتیین.   

عەبادی جەختی کردووەتەوە کە ئەو هێزانەی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی داوایان کرد هەر کە خۆپیشاندەرانی لایەنگری سەدر چوونە ناو ناوچەی سەوزەوە بە چەک و فڕۆکە کۆمەڵکوژ بکرێن.

قسەکانی عەبادی ناڕەزایی هێزە سیاسییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لێکەوتووەتەوە و عەلی فەتلاوی سەرکردە لە چوارچێوەکە دەڵێ، ئەوەی عەبادی باسی کردووە لە هەموو ڕاستییەکانەوە دوورە و هیچ داواکارییەکی لەمجۆرە لە نێو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی نەبووە، هەروەها هیچ عەقڵییەتێکی نەخۆشی بەمجۆرە لە چوارچێوەی هەماهەنگی نییە تاوەکوو داواکارییەکی وەها بکات، چونکە هەموو سەرکردەکانی چوارچێوەکە خاوەنی پێگەی ئایینین و ناکرێت داوای کۆمەڵکوژییەکی لەو شێوەیە بکەن.

بەگوتەی فەتلاوی، قسەکانی حەیدەر عەبادی جۆرێکە لە خۆ نزیک کردنەوە بە تایبەتی لە نیازی سیاسییەوە دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێت کە لە سەدرەوە نزیکە و دەکرێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا هاوپەیمانی سیاسیی بکەن، دەشڵێت "بانگەشەکەی عەبادی ڕاست نییە و تەنیا پەیامێکی سۆزدارییە بۆ سەدر و شوێنکەوتووەکانی.

لە هێزەکانی پێکهاتەی چواچێوەی هەماهەنگی شیعەدا، هەر یەک لە نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلیحەق ناکۆکییەکی توندیان لەگەڵ موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر هەیە.  

Fly Erbil Advertisment