میسر.. منداڵێک دەکرێتە قوربانی ڕازیکردنی جنۆکە بۆ هەڵدانەوەی شوێنەوارێک
تاوانێکی ناخهەژێن و سەربڕینی منداڵێكی شەش ساڵان و پەلپەلکردنی دەست و قاچەکانی بەناوی قوربانی کردن بۆ ڕازی کردنی جنۆکە، توڕەیی کۆمەڵگەی میسری لێکەوتەوە و باوکی منداڵەکەش دەڵێ "ئەوانەی تاوانەکەیان کردووە وەک ئەوەیە تەواوی خێزانەکەمیان کوشت بێت".
لە گوندی هەمامییەی سەر بەپارێزگای ئەسیوت لە باشووری میسر لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا، کوڕێکی شەش ساڵان بەناوی محەممەد لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیاندا ڕفێندراوەو دوای چەند ڕۆژێک بە سەربڕاوی و پارچە پارچەکراوی تەرمەکەی لە کێڵگەکانی دەوروبەری گوندەکە دۆزرایەوە.
لە بارەی ڕووداوەکەدا باوکی منداڵەکە، حیسام ئەبو وەفا مەهران بەچەند میدیایەکی ڕایگەیاندووە، ئەوانەی تاوانەکانیان کردووە ئامۆزایەکی خۆیی و منداڵەکانی بوون، هاوکات لە ماوەی گەڕان بەدوای محەممەد بێ ئەوەی خۆیان بشڵەژێنن ئەوانیش بەشداری گەڕان بوون، بەڵام دواتر پۆلیس دەست و قاچەکانی محەممەدی لەنێو کێڵگەکاندا دۆزیوەتەوە.
هەروەها ئاماژەیداوە، دوای لێکۆڵینەوەکان و سەیرکردنەوەی تۆماری کامێراکانی چاودێری و وەرگرتنی قسەی شایەدحاڵەکان، پۆلیس سێ کەسی لە خزمە نزیکەکانی دەستگیرکردووە و دانیانناوە کە بەقسەی جادوگەرێکیان کردووە و محەممەدی شەش ساڵانیان سەربڕیوە و پەلپەلیان کردووە وەک قوربانییەک بۆ ئەوەی جنۆکە لە هەڵدانەوەی گۆڕێکی مێژوویی هاوکاریان بکات بۆ دزینی پارچە شوێنەوارییەکان کە بەهاکەی بە چەندین ملیار جونەیی میسیری مەزندە دەکرێت.