مارە بەناو نێرەکەی کۆلێژی پۆرتسمۆتی بەریتانیا بێ جووت بوون 14 تولەماری بوو
مارێکی 'بوئا' کە تەمەنی 13 ساڵە و نزیکەی نۆ ساڵە لە کۆلێژی شاری پۆرتسمۆسی بەریتانیا بە تەنیا دەژیت و وایان دەزانی ڕەگەزەکەی نێرە، کەچی دواجار بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر و بەبێ جووتبوون 14 تولەماری بوو.
مارەکەی کۆلێژی پۆرتسمۆس بووەتە هەواڵ و باسی گەرمی مێدیاکانی بەریتانیا و پیت کۆینلان، پسپۆری چاودێری ئاژەڵان لە کۆلێژەکە دەڵێ: مارەکە ناوی ڕۆناڵدۆیە و لە سەرەتاوە تا ئەو کاتەی بێچووەکانی بووە، بڕوامان وابووە کە نێرە.
ڕاشیگەیاندووە، لەمەش سەیرتر، لە دەستنیشانکردنی ڕەگەزەکەی بە هەڵەدا چوون. ئەو مارە نۆ ساڵە هەر بەتەنیایی بووە و هیچ مارێکی دیکەی لەگەڵ نەبووە تاوەکوو زاو و زێ بکات، کەچی لە پڕ 14 تولەماری بووە.
تویژەران دەڵێن؛ لە نێو ئاژەڵاندا بێچووخستنەوە لە حاڵەتی پاکیزەییدا ڕوو دەدات، بەڵام لە نێو مارەکاندا زۆر دەگمەنە و تاوەکوو ئێستا تەنیا سێ جار بۆ مارێکی ڕەنگاوڕەنگی بەرازیکی ئەو حاڵەتەی بێچوو خستنەوە ڕووی داوە.
کۆینلاند دەڵێ: ئەو ڕۆژەی ڕۆناڵدۆ بێچووی بووە من لە شوێنێکی دیکە بووم، بەڵام لەلایەن قوتابییەکەوە ئاگادارکرامەوە کە توولەماری لە نێو قەفەسەکەدا بینیوە، کەچی دوای ئەوەی چووم سەیری نێو قەفەسەکەم توولەمارەکان لە هەموو سووچێکەوە بڵاوبوونەتەوە.
شایانی باسە، ماری بوئا، بە پێچەوانەی زۆرینەی مار، دەزێت و هێلکە ناکات.