پێشه‌وا هه‌ورامانی: حکوومەت هەمیشە ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت؛ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن بە زۆرینەی دەنگ لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند کرا. هاوکات لەبارەی مووچەوە دەڵێت: ئەمڕۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەواو بوو.

پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی بەشداریی ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا، گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە ئامادەی هەڵبژاردنێکی ڕێکوپێک و شەفافە. پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئەنجوومەنی وەزیران خرایە دەنگدان، تیمی یەکێتیی لەگەڵ ئەو وادە نوێیە نەبوون، بەڵام بە زۆرینەی دەنگ وادەکە پەسەند کرا.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: له‌به‌ر دوو هۆكار ده‌بێت مانگانه‌ لیستی مووچه‌خۆران ره‌وانه‌ی به‌غدا بكه‌ن، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مانگانه‌ به‌هۆی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی و گۆڕانكارییه‌كانی دیكه‌ی مووچه‌، گۆڕانكاری له‌ قه‌باره‌ی لیسته‌كه‌شدا ڕوو ده‌دات، هۆكاری دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ خواستێكی حكومه‌تی فیدراڵه‌. مانگانە لیستەکان جیاوازن. ئەمڕۆ لیستی مووچەی فەرمانبەران هەرێمی کوردستان تەواو بوو، بڕیاڕ بوو ئەم ئێوارەیە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێردرێت.

لەبارەی "هەژماری من"، هەورامانی ئاشکرای کرد، لە پرۆژەی "هەژماری من" هەنگاوی زۆر باشمان بڕیوە و لە داهاتوودا فەرمانبەران زیاتر هەستی پێ دەکەن کە ئەم پرۆسەیە چەندە باش و سەرکەوتووە. لە پارێزگای هەولێر نزیکەی 95%ـی فەرمانبەر بەشدارییان کردووە، لە دهۆک 82%، لە سلێمانی 28%، تاوەکوو ئێستە زیاتر لە 400 هەزار کەس لە پرۆسەکە بەشدارییان کردووە، دڵخۆشین لەوەی پرۆسەکە بە خێرایی بەرەو پێش دەچێت.

هاوکات گوتیشی: ئەم مانگە زیاتر لە 50 هەزار فەرمانبەر لە ڕێگەی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرتووە، بۆ مانگی داهاتووش ژمارەکە دەبێتە دوو هێندە.

سەبارەت بە پارێزگای هەڵەبجە، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،گوتی: "سەرۆکوەزیران هیچ کاتێک بەڵێنێک نادات کە نەتوانێت جێبەجێی بکات، پێش ماوەیەک جەنابیان سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و یەکەی ئیدارەی پارێزگاکە 9 داواکاریان خستە پێش جەنابیان و هەر 9 داواکارییەکە جێبەجێ کران. ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە دڵخۆشن بە کارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزان و سوپاسیان کرد کە بەڵێنەکانی خۆێ جێبەجێ کردووە."

هاوکات دەڵێت: کۆمەڵێک داواکاری دیکەیان هەبوو، مەرزی سازان داواکاریی سەرەکییان بوو. ئەم بابەتە پەیوەندیی بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشەوە هەیە، بڕیارێک نییە کە حکوومەت بە تەنیا بیدات، بۆیە دەبێت حکوومەتەکانی فیدراڵ، هەرێم و ئێران لەو بابەتە پێکەوە بڕیار بدەن. سەرۆکوەزیران دووپاتی کردەوە هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات لەسەر ئەم بابەتەش کار بکات بۆ ئەوەی ئەم داواکارییەش جێبەجێ بکات.

گوتیشی: "ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە داواکاری ئەوەشیان هەبوو کە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگی هەڵەبجە هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو مەرزانە کە دەکەونە پارێزگاکە داهاتەکەیان بگەڕێتەوە بۆ هەڵەبجە، سەرۆکی حکوومەت گوتی لە ڕووی ئیدارییەوە هەوڵ دەدەین بەدواداچوون بکەین بۆ ئەوەی ئەو کارەش بۆ پارێزگاکە جێبەجێ بکەین. سەرۆکوەزیران دووپاتی کردەوە کە هەموو ئاسانکارییەک دەکات بۆ وەبەرهێنەران کە دەیانەوێت بچنە پارێزگاکە. هەروەها جەنابیان ئەوەشی خستەڕوو کە دەیەوێت تایبەتمەندی بدات بە ‌‌هەڵەبجە هەروەکو چۆن ئەو تایبەتمەندییە بە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دراوە و، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سێکتەری گەشتوگوزار و کشتوکاڵ پلانی ستراتیجی بۆ پارێزگاکە دەبێت."

سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەورامانی، دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی نییە کە عێراق لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت پێکەوە ڕێکبکەون لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت، حکوومەتی هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆێ جێبەجێ کردووە، ئەوەی دەمێنێتەوە کۆمپانیاکان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر پرسەکە ڕێکبکەون، ئەگەر ئەوان ڕێکبکەون هەرێم هیچ کێشەیەکی نابێت.

دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

ڕۆژی 26ـی حوزەیرانی 2024 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکی هەرێمیدا، ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024ی بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە.

لەلایەن خۆیەوە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئامادەین لەو وادەیەی کە ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببەین.

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک یەکەم لایەنی سیاسیی، وەڵامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی دایەوە و ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن و دەست پێ کردنی ئامادەکارییەکانیشی بۆ ئەو هەڵبژاردنە ڕاگەیاند.

هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق، یونامی و یەکێتیی ئەورووپاش پێشوازییان لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ کۆمیسیۆن و سەرکەوتنی پرۆسەکە ڕاگەیاند.