سایلۆی قوشتەپە گەنمی جووتیاران وەردەگرێت
سایلۆی قوشتەپە دەستی بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای ھەولێر کردووە. سایلۆکە، توانای ھەڵگرتنی 40 ھەزار تۆن گەنمی ھەیە و زیاتر لە 21 ملیار دیناری تێچووە و پێکهاتووە 11 بەش و 16 کۆگە.
سایلۆی قوشتەپەیە، لەگەڵ کردنەوەیدا دەستی بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کرد، بەردەم سایلۆکە جمەی دێت لە جووتیار، ئەمساڵ بەرھەمی جووتیارانی شەمامک و سێ گردکان و بالیسان وەردەگرێت، کردنەوەی ئەم سایلۆیە فشاری لەسەر سایلۆکەی هەولێر کەم کردوەتەوە، بەمەش جوتیاران تێچووی گواستنەوەو مانەوە لەبەردەم سایلۆ بۆ چەند ڕۆژێک، لە کۆڵ دەبێتەوە.
سەعدی موحسین، جووتیار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "کردنەوەی ئەو سایلۆیە زۆر گرنگە، ئێمە سوپاسی سەرۆکوەزیران دەکەین، ئەو خۆی هات قسەی کرد، هیچ کەمتەرخەمی نییە".
لوقمان عومەر: جووتیار، پێشتر یەک سایلۆ بوو، بەڵام ئێستا دوو سایلۆیە، ئەوەش جیاوازییەکی زۆری هەیە، هەروەها دەخوازین کە جووتیار دێت ڕێزی بگیرێت و جێگای دانیشتنی هەبێت.
ئیسماعیل محەمەد: بەرێوەبەری سایلۆی قوشتەپە گوتی: پیشتر یەک سایلۆ لە هەولێر هەبوو، لەلایەن بارهەڵگرەکان فشارێکی زۆری لەسەر بوو، بەڵام بە کردنەوەی ئەو سایلۆیە فشارەکە زۆر کەم بووە، ناوچەکان بەسەر سایلۆکاندا دابەش کراوە، کە سایلۆی قوشتەپە سێ ناوچەی لەسەرە و توانای هەڵگرتنی 40 هەزار تۆنی هەیە.