لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێت

هونەرمەند، زاهیر عەبدوڵڵا بۆ چارەی نەخۆشیەکەی دەنێردرێتە دەرەوەی وڵات، لەوبارەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وێڕای سوپاسکردنی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، داواکارییەکی هەبوو، ئەویش ئەگەر گەڕایەوە هەرێمی کوردستان، سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات و لە نزیکەوە سوپاسی بکات.
دوای دووباره تووشبوونەوە بە نەخۆشییە سەختەکەی، هونەرمەندی بواری نواندن و سینەما و شانۆ "زاهیر عەبدوڵڵا" بڕیارە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێت و نەشتەرگەریی بۆ بکرێت.
پێشتر شیرین سابیر، هاوسەری هونەرمەند، زاهیر عەبدوڵڵا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەپێی ڕاپۆرتە پزیشکیەکان، کە چەند نوژدارێکی پسپۆڕ لە شێرپەنجە بۆیان کردووە، پێیان ڕاگەیاندووین دەبێت ڕاستەوخۆ ببردرێتە دەرەوە و لە تورکیا نەشتەرگەریی بۆ بکرێت. چونکە ئێستا تەندروستی بەرەو خراپوون دەڕوات، تەنانەت توانای ڕۆیشتن و وەستان لەسەر قاچەکانی نەماوە و تەواو بێهێز بووە.
شیرین گوتیشی: شێرپەنجەکەی ئەمجارەیان لە سەریدایە و گرێیەکە و دەبێت بەزوویی دەربهێندرێت، بۆ ئەوەی لە ئازاری ئەو نەخۆشییە رزگاری بێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، گلەییمان لە کەس نییە و حکوومەت و وەزارەتی ڕۆشنبیری و سەندیکای هونەرمەندان و هەموو لایەک لەسەر هێڵن بۆ چارەی نەخۆشییەکەی هونەرمەند "زاهیر عەبدوڵڵا".