حکوومەتی ژاپۆن پارە لەشاخەوانان وەردەگرێت
چیای فوجی کە بەرزترین لوتکەیە لە ژاپۆن، شوێنێکی سەرنجڕاکێشە بۆ شاخەوانانی سەرتاسەری جیهان، بڕیارە لە وەرزی شاخەوانی ئەمسالدا، لە ڕێگای یۆشیدا کە لە لای باکووری شاخەکە دەست پێ دەکات هەر شاخەوانێک بڕی 2000 یەمی ژاپۆنی لێ وەبگیرێت، دەروازەی نوێی بڕینی بلیتەکان وەک خاڵێکی پشکنینی ئەمنی دەبێت.
وەرزی سەرکەوتن بەسەر چیای فوجی بە فەرمی لە یەکەمی تەمموزەوە دەستپێدەکات. پێش ئەم بەروارە، دەسەڵاتدارانی پارێزگای یاماناشی لە 17ی حوزەیران دەروازەیەکیان لە وێستگەی پێنجەمی ڕێڕەوی باکووری یۆشیدا دانا کە بەرەو شاخەکە دەڕوات، ئامانجی ڕێوشوێنەکە دابینکردنی ئاسانکارییە کە بتوانرێت پارەی شاخەوانی لێ کۆبکرێتەوە و هەوڵبدرێت ڕێگری لە شاخەوانانی ئامادەنەکراوی تەواو بگیرێت، لەنێویاندا ئەوانەی کە دەیانەوێت لە لوتکەوە سەیری هەڵهاتنی خۆر بکەن بەبێ ئەوەی شەوانە بمێننەوە.
بڕیارەکە لەسەرتای ئەو وەرزە دەست پێ دەکات کە هەر شاخەوانێک دەبێت 2000 یەنی ژاپۆنی بدات بۆ بەکارهێنانی ڕێڕەوی یۆشیدا کە بەناوبانگترینە لەکۆی چوار ڕێڕەوی لوتکەی شاخەکە، دەروازەکە لە نێوان کاتژمێر 4:00ـی پاشنیوەڕۆ تا 3:00ی بەیانی دادەخرێت و ڕۆژانە سنووری چوار هەزار شاخەوان، بەدەر لەو کەسانەی شوێنی خەوتنیان لە یەکێک لە کوخەکانی سەر لوتکەی شاخەکە گرتووە، دەتوانرێت پێشوەختە پارە بدرێت لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی شاخەوانی چیای فوجی، کە شاخەوانان کۆدێک لەسەر مۆبایلە زیرەکەکانیان پیشان دەدەن بۆ تێپەڕاندنی دەروازەکە، ئەو پارەیە بۆ باشترکردنی پشتگیری فرە زمانی بۆ شاخەوانانی بیانی و بەرزکردنەوەی ڕێنماییەکانی سەلامەتی لەسەر شاخەکە بەکاردەهێنرێت.
لە 19ی حوزەیران، مەشقێکی سەرەتایی بۆ ڕاهێنانی کارمەندان لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ سەردانکەرانی بیانی و شاخەوانانی ڕاهێنراو ئەنجامدرا.
ناگاساکی کۆتارۆ، پارێزگاری یاماناشی سەردانی وێستگەی پێنجەمی کرد، کە دەکەوێتە بەرزی 2300 مەتر لە ئاستی دەریاوە لەسەر لوتکەیەکی 3776 مەتری، و ڕوونیکردەوە کە ئەم ڕێوشوێنانە بە ئامانجی دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە هەموو شاخەوانەکان چ لە ناوخۆی ژاپۆنەوە و چ لە دەرەوەی وڵات، دەتوانن بە تەواوی چێژ لە ئەزموونەکەیان وەربگرن لەسەر شاخەکە .