خانمێكی چینی بەهۆی باڵابەرزییەكەی سەرنجی جیهانی راكێشاوە

ژانگ زیۆ خانمە یاریزانی هەڵبژاردەی باسكەی چین باڵای دوو مەتر و بیست و هەشت سانتیمەترە
ژانگ زیۆ خانمە یاریزانی هەڵبژاردەی باسكەی چین باڵای دوو مەتر و بیست و هەشت سانتیمەترە

خانمە یاریزانێكی باسكەی چینی بەهۆی باڵابەرزییەكەی سەرنجی جیهانی راكێشاوە و بەهۆی لەشولارە بەرزەكەی وایكردووە لە هەر یارییەك زۆرترین خاڵ كۆبكاتەوە و لە لایەن خولی باسكەی ئەمریكاش داوا كراوە.
فیدراسیۆنی تۆپی باسكەی نێودەوڵەتی جیهان كە ناسراوە (فیبا) لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ژانگ زیۆ خانمە یاریزانی هەڵبژاردەی باسكەی چین باڵای دوو مەتر و بیست و هەشت سانتیمەترە، ئەمەش لە كاتێكدایە تەمەنی تەنیا 17 ساڵە. باڵابەرزیی ئەو خانمە وایكردووە تیپەكەی هەمیشە بە ئاسانی شكست بە بەرامبەرەكانی بێنێت، لە دوایین یارییش هەڵبژاردەی چین لە پاڵەوانێتی ئاسیا بۆ خوار 18 ساڵان، بە ئاسانی شكستیان بە ئیندۆنیسیا هێنا، لەو یارییەدا ژانگ لە ماوەی 13 خولەكدا 19 خاڵی كۆكردەوە و یارییەكەیان بە ئەنجامی 109 بەرامبەر 50 خاڵ بردەوە، ڤیدیۆییەكانی ئەو خانمە باڵابەرزەی چین سۆشیاڵ میدیای هەژاند.


لەو ڤیدیۆیانەی بڵاوبوونەتەوە دەركەوتووە كە یاریزانە ئەندەنوسییەكان زۆر بە زەحمەت توانیویانە بگەنە ئاستی سینگی، ئەمەش لە كاتێكدا بوو پێش ئەو یارییەش چین لە نیوزلەندای بردەوە بە ئەنجامی 90 بەرامبەر 68 خاڵ، لەو یارییەدا ژانگ زۆرترین خاڵی لە یارییەكە كۆكردنەوە كە بریتی بوو لە 36 خاڵ و 13 لێدانی پێناڵتی. لە سۆشیاڵ میدیا ئەو كچە لاوەیان بە (یاو مینگ)ـی ئەستێرەی پێشووی NBA چواندبووە كە باڵای دوو مەتر و 29 سانتیمەتر بوو كە بە باشترین یاریزانی مێژووی چین دادەنرێت.

بە گوێرەی پێگەی ئی ئێس پی ئێنی ئەمریكا، ژانگ زیۆ بەربژێرە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە خولی باسكەی ئەمریكا بكات، بەڵام یەكێك لە مەرجەكانی NBA ئەوەیە كە دەبێت ئەو یاریزانە بیانیانەی بەشداریی لە خولی باسكەی ئەمریكا دەكەن نابێت تەمەنیان لە 20 ساڵ كەمتر بێت.

.
.
.