ڕێبوار هادی: ئەندام پەرلەمان ناتوانێت سکاڵا لەسەر خشتەی بودجە تۆمار بکات

سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ، ئەو سکاڵایەی لەسەر خشتەی بودجە تۆمارکردووە، لەلایەن ئەندامێکی پەرلەمان لە لیژنەی یاسایی بووە نەک لەلایەن خودی لیژنەکەوە.

د. ڕێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو سکاڵایەی لەسەر خشتەی بودجە تۆمارکردووە، لەلایەن ئەندامێکی پەرلەمان لە لیژنەی یاسایی بووە نەک لەلایەن خودی لیژنەکەوە، دەشلێت، ئەو پەرلەمانتارە وەکو کوتلەی سەربەخۆ خۆی ناساندووە.

گوتیشی: ئەوانەی دەتوانن تانە لە یاسای بودجە بدەن بەگوێرەی سیستەمی ناوخۆیی، تەنها سەرۆکی سێ دەسەڵاتەکە و وەزیرەکان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەندامی پەرلەمان بەتەنیا ناتوانێت تانە لەو یاساییە بدات.

سەبارەت بە سکاڵاکەی ئەوپەرلەمانتارە ڕێبوار گوتی: پێشکەش کردنی سکاڵا ئاسایییە و هەموو کەسێک دەتوانێت ئەوە بکات، بەڵام ئایا بڕیاری دادگا چی دەبێت، یان دەبێت دادگا ئەو سکاڵایە ڕەت بکاتەوە چونکە سەرپێچی ماددەی 22 و 19ـیە لە شیستەمی ناوخۆیی دادگای فیدراڵی، لەبەر ئەوە پێویستە دادگا ئەو سکاڵایە ڕەت بکاتەوە چونکە بەرژەوەندی خەڵکی تێدا نییە.

سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لە یاسای بودجە کە لەساڵی 2023 دەنگی لەسەر درا لە ماددەی 77 باس لەوە داکات کە لەساڵانی 2024 و 2025 حکوومەت خشتەی بودجە بۆ پەرلەمان دەنێرێت و ئەویش ڕەزامەندی لەسەر دەدات، واتە ئەوە هەموارکردنەوە نییە.

ڕێبوار هادی، ڕاشیگەیاند، ئەو خشتانەی لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە، لە کاتێکدا بووە خشتەکان وەکو خۆی هاتووە، واتە هیچ دەستکارییەک لەو خشتەیە نەکراوە کە بۆ پەرلەمان نێردراوە.

 لەسەر دواکەوتنی خشتەی بودجە بۆ پەرلەمان، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: ئەوە جاری یەکەم نییە ئێمە تووشی ئەو حاڵەتە دەبین، بۆ نموونە تاوەکو ئێستە حیساباتی کۆتایی تاوەکو ئێستە نەهاتووە بۆ پەرلەمان.

Fly Erbil Advertisment