سەرۆک کۆماری عێراق ئیمزا لەسەرخشتەکانی بودجەی 2024 دەکات

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق بڵاوی کردووەتەوە کە، لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق ئیمزای لەسەر چەند پرۆژە یاسایەک کردووە، لەنێو ئەوانەشدا خشتەی بودجەی گشتیی ساڵی 2024.

پێنجشەممە (27ـی حوزەیرانی 2024)، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆماری عێراق بڵاوی کردووەتەوە، لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق، ئیمزای لەسەر چەند پرۆژە یاسایەک کردووە، لەوانە خشتەی بودجەی گشتیی ساڵی 2024، لەگەڵ هەموارکردنەوەی یەکەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی و هاوڕەگەزخوازی، یاسای درێژکردنەوەی کارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و یاسای هەموارکردنەوەی یەکەم بۆ یاسای ڕێکخستنی بەکرێدانی زەویی کشتوکاڵیی و مافی خاوەندارێتی بۆ دەرچوانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری."

بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق ئاشکرای کردووە، دوای ئیمزا کردنی سەرۆکی کۆمار لەسەر بڕیارەکان، دەنێردرێت بۆ رۆژنامەی وەقائعی عێراقی بۆ جێبەجێکردن.

لە دانیشتنی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024) پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر خشتەکانی بودجەی 2024ـی فیدراڵی کۆبووەوە و بە ئامادەبوونی 199 پەرلەمانتار پەسەندی کرد،  یەکێک لە بڕگەکانی بریتییە لە دەستەبەرکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی لە خەرجی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی).

بودجەی 2024ـی فیدراڵی بریتییە لە  211 تریلیۆن و 861 ملیار و 312 ملیۆن دینار، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بە 13 تریلیۆن دینار زیاترە. هەروەها خەرجییەکان وەک لە خشتەکانی بودجەدا هاتووە، پێک دێت لە خەرجی بەگەڕخستن 156 تریلیۆن 843 ملیار دینار و خەرجی وەبەرهێنان 55 تریلیۆن و 17 ملیار دینار.

پشکی هەرێمی کوردستان بە هەردوو خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان دەگاتە 20 تریلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 911 هەزار دینار، خەرجی بەکاربردن 14 تریلیۆن و 840 ملیۆن و 223 هەزار دینار پێکدەهێنێت، لەو برە 11 ترلیۆن و 580 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دانراوە و بەم شێوەیە مانگانە 965 ملیار دینار بۆ خەرجی ئەم بوارە ڕەوانە دەکرێت.