حەمید کیفائی: لە وڵاتانی ئەفریقاش کارەبا ناپچڕێت
توێژەرێکی سیاسیی عێراقی باسی ئەزموونی خۆی دەکات لە وڵاتانی ئەفەریقا و دەڵێت، ئەو ساڵانەی لەو وڵاتانە کارم دەکرد کارەبا هەرگیز نەدەپچرا، کەچی عێراق دوای خەرجکردنی ملیۆنان دۆلار هێشتا ناتوانێت کارەبا بۆ هاووڵاتییانی دابین بکات.
پێنجشەممە (27ـی حوزەیرانی 2024)، حەمید کیفائی، توێژەری سیاسی لەبارەی دۆخی خراپی کارەبا لە عێراق بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد کە، ئەو پارە زۆرەی لە عێراق چەند ساڵە خەرج کراوە و ئێستاش خەرج دەکرێت، نەیتوانیووە کارەبا بۆ عێراق دابین بکات، دەشڵێت، ئەو چەند ساڵەی لە وڵاتانی ئەفریقا کارم دەکرد، کارەبا نلە هیچ یەک لەو وڵاتانە نەدەپچرا، گوتی، عێراق ملیۆنان دۆلاری لە سێکتەری کارەبا خەرج کردووە، بەڵام هیچ پرۆژەیەک بۆ کارەبا نەکراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە تەواوی ئەو پارەیە بزرە و گەندەڵیی تێدا کراوە بێ ئەوەی هیچ پرۆژەیەکی کارەبای پێ جێبەجێ بکرێت.
کیفائی وەک بێ متمانەییەک گوتی، هەر دەڵێن کارەبا زیاد دەکەین، بەڵام گەندەڵی ناهێڵێت کێشەکە چارەسەر بکرێت، گوتی، هەندێ لە دەسەڵاتداران کێشەی خەڵک و میللەت بە هەند وەرناگرن، سەرباری ئەوەی خەڵک پەرێشان و بێزارن، لە حکوومەت توڕەن و ڕازی نین، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئێستا ئەستەمە کودەتا لە عێراق دروست ببێت، چونکە عێراق لە ئێستادا گرووپی زۆری چەکداریی تێدایە، ئەو وڵاتە سوپای نییە کە بتوانێت کودەتا بکات، دەڵێت، خەڵکی عێراق ئۆقرەی نەماوە و دەیەوێت ئەو بارودۆخە بگۆڕێت، حکوومەتەکان قەیرانی نوێ دروست دەکەن و خەڵکی تێدا دەئاڵێنن، خەڵک تێیان گەیشتووە، ناکرێ ئەو بارودۆخە بەردەوام بێت.
گوتیشی، عێراق هیچ دوژمنێکی نییە، جگەلە گرووپە چەکدارەکان و ئەوانەی گەندەڵن کە دەیانەوێت خەڵک فریو بدەن، ئاماژەی بەوەشکرد کە، خەڵک پێویستی بە کار و سەقامگیریی و ژیان و نەخۆشخانە و قوتابخانە و ڕێگاوبان هەیە، کە هیچ یەک لەو خزمەتگوزارییانە نییە، هەڵبژاردنی داهاتوو بارودۆخەکە یەکلا دەبێتەوە.
لەبارەی هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکانیش لەسەر ئەمەریکا، کیفائی گوتی، گرووپەکان ناتوانن زیان بە ئەمەریکا بگەیەنن، ئەوانەی هەڕەشەیان لە ئەمەریکا دەکرد، بە بەرچاوی ئەوان دووچاری دۆخێکی سەخت بوونەوە، دەبێ ئەو حکوومەتە بڕیار بدات نەوەک گرووپەکان، گرووپەکان بە فەرمانی وڵاتانی دیکە کار دەکەن، بۆیان گرنگ نییە عێراق دووچاریی چ دۆخێکی سەخت دەبێتەوە، ئەو وڵاتانەی پشتیوانی گرووپەکان دەکەن، نایانەوێت عێراق سەقامگیر بێت، پێویستە سنوور بۆ ئەو گرووپانە دابنرێت.
گوتیشی، عێراق کێشەی بە بیابان بوونی هەیە لە بێ ئاوی، بێ کارەبایشی هاتە سەر کە کەس ناتوانێت بەرگەی ئەوە بگرێت، نیگەرانی خەڵک لە کەم و کوڕی خزمەتگوزارییەکان وای کردووە ئۆقرەیان نەمێنێت، پێم وایە توڕەیی خەڵک زیاتر دەبێت، پێویستە حکوومەت بیر لە چارەسەر بکاتەوە.