مێدیاکانی سووریا: لە عێراقەوە جگەرە بە قاچاخ دەهێنرێتە سووریا

ئەمڕۆ شەممە، مێدیاکانی سووریا بڵاویان کردەوە، نەخشەی قاچاخچێتی جگەرە گۆڕاوە، دوای ئەوەی پێشتر لە نێوان سنووری لوبنان و سووریادا دەکرا، بەڵام ئێستا قاچاخچێتی جگەرە لە عێراقەوە بەرەو بازاڕە ناوخۆییەکانی سووریا دەکرێت.

تۆڕی "شام" بە پشتبەستن بە سەرچاوە گومرگییەکان ڕایگەیاند، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتندا گیراوە کە دەستکێشی پزیشکی بە قاچاخ دەگواستەوە، ئەوەش ئاشکرا کراوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی فریاکەوتن ئەو دەستکێشانەی دەگواستەوە شوێنێکی دیکە بەبێ ئەوەی بزانێت ئەو کەسە سەرەکیەی کاری بۆ دەکات کێیە.

سەرچاوەیەکی گومرگ ڕایگەیاند، لەماوەی ڕابردوودا ڕێژەی قاچاخچێتی هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە و زۆربەی ئەو کەلوپەلانەی بە قاچاخ دەهێنرێن بریتین لە جگەرە و خۆراک و ئیکسسوارات و کەلوپەلی دیکە.

سەبارەت بە پرسی جگەرە، ئاماژەی بەوەش دا، هەرچەند پێشووتر قاچاخچێتیی جگەرە لە سنووری لوبنان و سووریا دەکرا، کە لە خاکی لوبنان و بەشێکیش لە زەریاوە دەهێنرا سووریا، بەڵام لەم ماوەیەی دواییدا، جگەرەی قاچاخ لە عێراقەوە دەهێنرێتە ناو سنوورەکانەوە بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و دواتر دەگاتە بازاڕە ناوخۆییەکانی زۆرێک لە پارێزگاکانی سووریا.