والتەر ساموێل: مێسی ئازاری هەیە

لیۆنێل مێسی كاپتنی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا
لیۆنێل مێسی كاپتنی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا

لیۆنێل مێسی بەشداری یارییەكەی بەرەبەیانی ئەمشەوی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا بەرامبەر پیرو ناكات كە دوایین یاریی قۆناغی کۆمەڵەکانی کۆپا ئەمریکا دەبێت.
لە دوایین مەشقەكانی یاریزانانی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا لیۆنێل مێسی بەشداریی ئامادەكارییەكانی بۆ رووبەڕبوونەوەی پیرۆ نەكرد، ئەمەش بەهۆی ئەو پێکانەی لیۆ مێسی لە یاریی رابردوو تووشی بووە، چاوەڕێش دەکرێت سكاڵۆنی راهێنەری تانگۆ لە هێڵی پێشەوە پشت دی ماریا، گارناچۆ و لاوتارۆ ببەستێت.
والتەر ساموێل یاریدەدەری لیۆنێل سکالۆنی راهێنەری هەڵبژاردەی ئارجێنتینا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی، پێکانەکەی مێسی پشت راستکردەوە و رایگەیاند، لیۆ تەندروستی باشە، بەڵام بڕیاریانداوە بۆ یاریی داهاتوو، پشووی وەربگرێت، بۆ ئەوەی بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی بە تەواوەتی ئامادەبێت.
لەمبارەیەوە والتەر ساموێل دەڵێت: لیۆنێل مێسی هەست بە ئازار دەکات و بە تەواوەتی لە پێکانەکەی چاکنەبووەتەوە، بۆیە بەشداری راهێنانەکانی نەکرد و بۆ یاریی داهاتوو، بەرامبەر پیرو ئامادە نابێت، ئێمە رۆژانە چاودێری دۆخی تەندروستی لیۆ دەکەین، بەو هیوایەین بۆ یاریی قۆناغی داهاتوو ئامادەبێت.
واڵتەر دەشڵێت: ئامادەنەبوونی مێسی نەک تەنها بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ هەموو هاندەرەکانمان هەواڵێکی ناخۆش بوو، بەڵام دەبێت دۆخەکە هەڵسەنگێنین بۆ ئەوەی بۆ یاریی قۆناغی داهاتوو بە باشی ئامادەبێت. ئامادەبوونی مێسی لە یارییەکان بۆ هەر خولەکێک، خاڵێکی ئەرێنیە، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەین، بۆ قۆناغی داهاتوو لە پێکانەکەی رزگاری بێت و بەشداری بکات.

.