ئیتاڵیا دەیەوێت قەرەبووی ئەنجامە لاوازەکانی بکاتەوە

یاری ئیتاڵیا و سویسڕا
یاری ئیتاڵیا و سویسڕا

هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، دوای ئەوەی توانی وەکو دووەمی کۆمەڵەی دووەمی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024، بلیتی قۆناغی شازدە بەدەست بهێنێت، ئەمجارەیان و لە قۆناغێکی هەستیاردا، واتە لە قۆناغی شازدە و کردنە دەرەوە، رووبەڕووی هەڵبژاردەی سویسڕا دەبێتەوە.

ئیتاڵیەکان قۆناغی یەکەم زۆر بێ هیواکەر بوون، لەبەر ئەوەی زۆر نەمابوو هەر لە قۆناغی کۆمەڵەکان ماڵئاوایی بکەن، بەڵام گۆڵە درەنگ وەختەکەی ماتیا زاکانی هەموو هاوکێشەکانی پێچەوانە کردەوە و لە دوا خولەک هەڵبژاردەکەی گەیاندە قۆناغی شازدە.

دۆناروما گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە نەیشاردەوە، یارییەکی قورس و جیاوازیان لە بەردەمە، بۆیە دەبێت کەمترین هەڵە بکەن، بە پێچەوانەوە سزادەدرێن و دەبێتە هۆی دەرکردنیان لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا.

'' بە دڵنیاییەوە یارییەکی تەواو جیاواز دەبێت، پێویستە هەندێک شت چاک بکەین کە لە قۆناغی کۆمەڵەکاندا بە باشی ئەنجامماننەدا. ئەم یارییە بۆ ئێمە و ئەوان یاریی مان و نەمانە، بۆیە پێویستە زۆر کەم هەڵە بکەین و پێویستە یارییەکە بە تەواوی کۆنترۆل بکەین و زۆر بە وریایی مامەلە لەگەڵ دۆخەکە بکەین، ئێمە زۆر بەباشی ڕاهێنانمان کردووە و هەموومان دەزانین یارییەکەی بەرامبەر سویسرا چەندە گرنگە، بۆیە ئامادەکاری باشمان کردووە، هەموومان گەشبینین دەتوانین براوەی یارییەکە بین ''.

هەردوو هەڵبژاردە جاری دووەمیانە لە یۆرۆ رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، بەڵام پێشتر چوار جار لە جامی جیهانی یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، لەو چوار یارییە هەر یەکێکیان خاوەنی دوو بردنەوەن، سویسرا لەوەتەی ساڵی 1954 نەیتوانیوە لە پاڵەوانێتیەکەی گەورە، لە ئیتاڵیا بباتەوە.

تاکە رووبەڕووبونەوەی هەردوو هەڵبژاردە لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، ساڵی 2021 بوو، واتە یۆرۆی رابردوو، لەو یارییە ئیتاڵیا توانی لە قۆناغی کۆمەڵەکان، بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ وەڵام لە سویسرا بباتەوە، ئەمجارەیان بۆ جاری یەکەم لە قۆناغی شازدە رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.

بۆ ئەم یارییە لە ریزەکانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، ریکاردۆ کالاڤیۆری بەرگریکار، بەهۆی دوو کارتە زەردەکەی لە قۆناغی کۆمەڵەکان بەشداری ناکات، چاوەڕێش دەکرێت لە شوێنی ئەو جیانلوکا مانسینی بەشداری بکات.