ئەڵمانیا ئامادەکاری بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئیسپانیا دەکات

یاری ئەڵمانیا و دانیمارک
یاری ئەڵمانیا و دانیمارک

هەڵبژاردەی ئەڵمانیا میوانداری جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024 و یەکێک لە پاڵێوراوە بەهێزەکانی بردنەوەی ناسناوەکە، دوای ئەوەی توانی بەبێ کێشە قۆناغی کۆمەڵەکان تێپەڕێنێت، ئەمجارەیان و لە قۆناغێکی هەستیار، واتە لە قۆناغی شازدە، رووبەڕووی هەڵبژاردەی دانیمارک دەبێتەوە.

هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دوای دەرکردنیان لە دوو مۆندیالی رابردوو لە قۆناغی کۆمەڵەکان و شکستێکی چاوەڕواننەکرا و لە یۆرۆی رابردوو بەرامبەر ئینگلاند، ئەمجارەیان تەواو جیاواز دەرکەوتووە و توانی بە سەرکەوتووانە قۆناغی کۆمەڵەکانی یۆرۆ تێپەڕێنێت.

رەنگە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە لەلایەن مانشافتەوە ئەوەندە قورس نەبێت، بەڵام ئەوان کەوتونەتە بەرەیەکی قورس و بە بردنەوەیان لەم یارییە، لە قۆناغی چارەکی کۆتایی رووبەڕووی براوەی نێوان ئیسپانیا و جۆرجیا دەبنەوە، رەنگە بە ئەگەرێکی زۆریشەوە، رکابەری داهاتوویان ئیسپانیا بێت.

جولیان ناگیلسمان راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەیان بەرامبەر دانیمارک رایگەیاند، ئەوان پاڵپشتیەکی گەورەیان لەلایەن هاندەرەکانیانەوە هەیە و هەموو هەوڵێکیشیان بۆ ئەوە دەبێت، لە کۆتاییدا هاندەرەکانیان دڵخۆش بکەن.

'' بۆ ئێمە بابەتی خاوەن ماڵ یاخود میوانداری یۆرۆ گرنگ نییە، هاندەرەکانمان هەمیشە بردنەوەیان لە ئێمە دەوێت و تەنها دەیانەوێت لە کۆتاییدا تیپێکی سەرکەوتوو ببینن. پێموایە پشتگیرییەکی گەورەمان هەیە و هەستێکی خۆشمان پێدەبەخشێت کاتێک هەموو وێنەکان لە شەقامەکانەوە دەبینین، هاندەرانمان پشتگیریمان دەکەن و ئاهەنگ دەگێڕن بۆ یارییەکان. ئێمە هەوڵ دەدەین بەم شێوەیە بەردەوام بین، بۆیە هەوڵ دەدەین لەم یارییە ئاستێکی باش پێشکەش بکەین و دڵی هاندەران و خەڵکی وڵاتەکەمان خۆش بکەین ''.

نیکلاس فولکروگ هێرشبەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، هەرچەندە قۆناغی کۆمەڵەکان وەکو یاریزانی یەدەک بەشداری سێ یارییەکەی کرد، بەڵام ئاستە باشەکەی لەو سێ یارییە وەکو یاریزانی یەدەک، چاوەڕێ دەکرێت راهێنەرەکەی ناچار بکات، بۆ ئەم یارییە لە پێکهاتەی سەرەکی یاریی پێ بکات.