هۆکاری کێشەکانی ئینگلاند یەک کەسە: گواردیۆلا

گاریس ساوسگەیت، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلاند
گاریس ساوسگەیت، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلاند

هەڵبژاردەی ئینگلاند سەرەڕای ئەوەی خاوەنی کۆمەڵێک ئەستێرەی دیاری تۆپی پێ جیهانە، بەڵام ئەنجامەکانیان لە قۆناغی کۆمەڵەکانی یۆرۆ 2024 وەکو پێویست نین و رەخنەیەکی زۆریان لێدەگیرێت.

زۆرێک پێیانوایە هۆکاری سەرەکی ئەنجامە لاوازەکانی هەڵبژاردەی ئینگلاند، گاریس ساوسگەیت راهێنەری هەڵبژاردەکەیە، بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە وەکو پێویست و لە شوێنی پێویست یاریی بە یاریزانەکانی بە تایبەت، جود بێلینگهام و فیل فۆدین و هاری کەین بکات، بەڵام وای روونی یاریزانی پێشووی سێ شێرەکان پێیوایە، هۆکارەکە پێپ گواردیۆلا راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتیە.

روونی کە وەکو شرۆڤەکار لە کەناڵی BBC دەردەکەوێت لەمبارەوە دەڵێت '' تیپەکانی وەک بەلجیکا و ئینگلاند و هۆڵەندا دەیانەوێت یاری بە کۆمەڵ بکەن. هەمووان دەیانەوێت وەک تیپەکانی پێپ گواردیۆلا یاری بکەن، دەیانەوێت بە هەموو شێوەیەک لاسایی ئەو راهێنەرە بکەنەوە، بۆیە پێموایە گواردیۆلا هۆکاری سەرەکیە، چونکە ئەم بیرکردنەوەیەی هێنایە ناو تۆپی پێ ''.

هەڵبژاردەی ئینگلاند لە قۆناغی کۆمەڵەکانی یۆرۆ 2024 لە کۆی 3 یاری تەنها یەک بردنەوەی بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا لە دوو یاریی یەکسانبوو و وەکو پێشەنگی کۆمەڵەی، گەیشتە قۆناغی شازدەی پاڵەوانێتیەکە.