لاپۆرتا لە ترسی پێرێز دەیەوێت گرێبەستی یامال نوێ بکاتەوە

لامین یامال یاریزانی ئیسپانی یانەی بارسێلۆنا
لامین یامال یاریزانی ئیسپانی یانەی بارسێلۆنا

لامین یامال هێرشبەری لاوی یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، بەهۆی ئاستە بەرزەکەی بووەتە ئامانجی زۆربەی یانە گەورەکانی ئەوروپا، بۆیە بەرپرسانی یانەکەی دەیانەوێت دوای کۆتایی هاتنی یۆرۆ گرێبەستەکەی نوێ بکەنەوە.

رۆژنامەی وەرزشی مۆندۆدێپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە، خوان لاپۆرتا سەرۆکی بارسێلۆنا، ترسی لەوەی هەیە فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید بەهۆی پەیوەندیە باشەکەی لەگەڵ خۆرخێ مێندێز بەرێوەبەری کارەکانی یامال، ئەو یاریزانە رازی بکات پەیوەندی بە یانەکەی رکابەرییان بکات، بۆیە پلانیان داناوە دوای یۆرۆ راستەوخۆ گرێبەستەکەی نوێ بکەنەوە.

یاریزانە لاوەکەی لارۆخا تاوەکو ساڵی 2026 گرێبەستی لەگەڵ بارسێلۆنا هەیە، ئەو یاریزانە 16 ساڵانە مووچەی ساڵانەی 1.6 ملیۆن یۆرۆیە و یانەکانی دیکە ئامادەن مووچەیەکی خەیاڵی پێشکەش بکەن، هەروەها دەیانەوێت کێشە داراییەکانی بارسێلۆنا بقۆزنەوە و ئەو یاریزانە پەلکێشی ریزەکانیان بکەن.

مۆندۆدێپۆرتیڤۆ بڵاویشی کردووەتەوە یەکێکی دیکە لە کێشە گەورەکانی بارسێلۆنا دایک و باوکی لامین یامالن، لەبەر ئەوەی ئەو دوو کەسە هاندەری یانەی ریاڵ مەدریدن و ئارەزووی ئەوە دەکەن کوڕەکەیان پەیوەندی بە یانە دڵخوازەکەیانەوە بکات.