کومان هەڵبژاردەی فەرەنسای جێهێشت
کینگسلی کومان یاریزانی هەڵبژاردەی فەرەنسا، بەهۆی لەدایکبوونی چوارەم منداڵی کامپی راهێنانەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە ئەڵمانیا میوانداری یۆرۆ 2024 جێهێشت و گەشتی سویدی کرد.
رۆژنامەی لێ پاریزینی فەرەنسی بڵاویکردەوە، کینگسلی کومان یاریزانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان، بەهۆی لەدایکبوونی چوارەم منداڵی، کامپی راهێنانەکانی وڵاتەکەی جێهێشت و سەردانی وڵاتی سویدی کرد، بڕیاریشە لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوو، بگەڕێتەوە و بەشداری راهێنانەکانی هەڵبژاردەکەیان بکاتەوە.
کومان لە سێ یاریی قۆناغی کۆمەڵەکانی یۆرۆی 2024، یاریزانی یەدەک بوو و تەنها لە یەک یاریش ئەویش بەرامبەر هۆڵەندا نیوەی دووەم 15 خولەک بەشداری کرد.
ئەمە دووەم یاریزانە لە ماوەی بەڕێوەچوونی یۆرۆ 2024، بەهۆی لەدایکبوونی منداڵەکەیان، کامپی هەڵبژاردەکەیان جێدەهێڵن و پێشتریش فیل فودین یاریزانی هەڵبژاردەی ئینگلاند، بەهۆی لەدایکبوونی منداڵەکەیان گەڕایەوە وڵاتەکەی و دوای ماوەیەکی کەم گەڕایەوە ئەڵمانیا و پەیوەندی بە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کردەوە.