"بەهۆی لامین یامال رەنگە ئەمشەو ئیسپانیا سزا بدرێت"
هەڵبژاردەی ئیسپانیا رووبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە ئەگەر ئەمشەو لە یاریی قۆناغی 16ـی یۆرۆ بەرامبەر جۆرجیا یاریی بە لامین یامال بكات.
ئەمڕۆ یەكشەممە، 30 حوزەیرانی 2024، لە شاری كۆڵنی ئەڵمانیا، لە قۆناغی 16ـی جامی یۆرۆ ئیسپانیا و جۆرجیا رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، بەپێی یاسایەك ئەگەر ئەمشەو ماتادۆرەكانی ئیسپانیا یاریی بە لامین یامال بكەن تووشی سزای دارایی دەبن.
لامین یامال بە ڕەچەڵەك مەغریبییە، بەڵام خاوەنی رەگەزنامەی ئیسپانیایە، لە یەكەمین یاریی یۆرۆ ئەو یاریزانە لە تەمەنی 16 ساڵی و 338 رۆژ بەشداریی یەكەمین یاریی لە كاروانی وەرزشی خۆی لە یۆرۆ كرد و بووە بچوكترین یاریزان لە مێژووی پاڵەوانێتییەكە گۆڵ بكات.
بە گوێرەی یاسایەكی ئەڵمانیا كە تایبەتە بە منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ لە ئەڵمانیا بیانی بن یان هاونیشتیمانی ئەگەر لە دوای كاتژمێر 08:00ـی ئێوارە بە كاتی ئەڵمانیا منداڵان لە دەرەوەی ماڵ بن و خەریكی كار بن سزا دەدرێن، چونكە منداڵ لە دوای كاتژمێر 08:00 بە هەر بیانوو و پاساوێك بۆی نییە لە دەرەوەی ماڵ و شوێنی كارەكەی دووربكەوێتەوە، هەرچەندە یاسایەکە ئازادی بە وەرزشوانان داوە تا کاتژمێر 11:00ـی شەو بەشداریی یارییەكان بكەن.
ئەمەش لە كاتێكدایە یارییەكەی ئەمشەوی ئیسپانیا بەرامبەر جۆرجیا لە کاتژمێر 09:00ـی ئێوارە بە کاتی ئەڵمانیا دەستپێدەکات، ئەگەر یارییەكە بەرەو یەكسانبوون بچێت دەبێت هەردوولا پەنا ببنە بەر لێدانە یەكلاكەرەوەكان.
دی لافۆینتی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا پێش یارییەكەی ئەمشەو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا لەبارەی ئەم یاسایە وەڵامی رۆژنامەنووسێكی دایە و رایگەیاند ئاگایان لەو یاسایە هەیە، دەشڵێت: لامین یامال یاریزانێكی پێگەیشتووە و لە بوارەكەی خۆی زۆر گەشەی كردووە، ئەو یاریزانە پابەندی پلانەكانی من دەبێت، ناشزانم ئەم یاسایەی ئەڵمانیا چی بەسەر دێت.