ئامەد سپۆر یەکەم یاریزانی پیشەگەری گواستەوە
یانەی ئامەد سپۆر لە باکووری کوردستان، گواستنەوەی یەکەم یاریزانی پیشەگەری لە مێژووی یانەکەی راگەیاند و ئاداما تراورێ یاریزانی مالی یانەی هۆل سیتی ئینگلاند پەیوەندی بەو یانەیەوە کرد.
ماڵپەری فەرمی یانەی ئامەد سپۆری باکووری کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ ئاداما تراورێ ناوەڕاستکاری ئەفریقی یانەی هۆل سیتی ئینگلاند گەیشتنە رێککەوتن و ئەو یاریزانەیان بێ بەرامبەر گواستنەوە ریزەکانیان. ناوەڕاستکارە مالیەکە '' رەشۆ '' دەبێتە یەکەم یاریزانی پیشەگەر پەیوەندی بە یانەکەی شاری دیاربەکری باکووری کوردستان بکات.
یانەی ئامەدسپۆر وەرزی رابردوو توانی ببێتە پاڵەوانی خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا و سەرکەوت بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی ئەو وڵاتە، ئەو یانەیە لە سبەینێوە دەست بە ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا دەکات، ئامانجی ئەو یانەیە گەیشتنە بۆ خولی سوپەری تورکیا.
ئاداما تراورێ یاریزانە نوێیەکەی یانەی ئامەد سپۆر، پێشتر بۆ ماوەی وەرزێک لە ریزەکانی یانەی هاتای سپۆری تورکیا یاریی کردووە، ئەو یاریزانە وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەی هۆل سیتی ئینگلاند بەشداری 14 یاری کرد و توانی 2 گۆڵ و 1 ئاسیست تۆمار بکات.