لیوا عەبدولخالق تەڵعەت: داعش سوود لە بۆشاییە ئەمنییەکان و بێ توانایی سووپای عێراق وەردەگرێت
نوێنەری هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئاشکرای دەکات، داعش سوود لە بۆشاییە ئەمنییەکان و بێ توانایی سووپای عێراق وەردەگرێت و مەترسیی بەردەوام دروست دەکات، بەتایبەت لەسەر سێکتەرەکانی ئاو و کارەبا.
یەکشەممە (30ـی حوزەیرانی 2024)، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەڕەشەکانی داعش لە ناوەڕاستی عێراق بەردەوامە، جگەلە وێستگەکانی ئاو، داعش هەڕيشەی خستووەتە سەر وێستگەکانی کارەباش، بڕیارە هێزەکانی عێراقیش لە سەرچاوەکانی ئاو و کارەبا بڵاوەیان پێ بکرێت.
عەبدولخالق تەڵعەت ئاشکرای کرد، هێرشەکانی داعش لە کەرکووک و دیالە و سامەڕا و موخموور بەردەوامە و مەترسییان دروست کردووە، دەشڵێت، خەریکە عێراق هەندێ لە سنوورەکانی لەگەڵ سووریا کۆنتڕۆڵ دەکات چونکە داعش هەوڵ دەدات لەوێوە دیسان دەست بە جموجۆڵەکانیان بکەنەوە لەگەڵ ئەوەی هەڕەشەکان دەستییان پێکردووەتەوە لە ئەنجامی سیستی هێزە ئەمنییەکان و بۆشاییە ئەمنییەکان.
نوێنەری هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ڕایگەیاند، دوو لیوای هاوبەش دابەش دەکەین بۆ پڕ کردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان چونکە داعش سوودی لە بۆشاییە ئەمنییەکان بینووە و هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی عێراق، دەشڵێت، هەرچەندە پرسی دوو لیواکە بە سیستی بەڕێوە دەچێت، بەڵام بەهەر شێوەیەک بێت کارەکانیان تەواو کراوە کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و جووتیاران دایە.
ئەو ئەفسەرە سەربازییە ئاماژە بەوە دەکات، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دژی داعش بەردەوامە، بەڵام هێزەکانی عێراق ناتوانن بە تەواوی کۆنتڕۆڵی چەند ناوچەیەک بکەن وەکو چیای حەمرین و قەرەچووغ و ناتوانن بگەنە ئەو شوێنانە.
لەبارەی هۆکارەکانی سەرهەڵدانەوەی هەڕەشەکانی داعش، عەبدولخالق تەڵعەت گوتی، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، لەگەڵ ئەو کێشانەی لەنێوخۆی عێراقدا هەیە، هاوکارن بۆ دروستبوونەوەی داعش، دەڵێت، مەترسییەکانی داعش بەردەوامە، بۆیە بە پێویستی زانی کە ڕێککەوتنی ئەمەریکا و عێراق پێداچوونەوەی پێدا بکرێتەوە، چونکە سووپای عێراق تا ئێستا ناتوانێت کۆنتڕۆڵی عێراق بکات.
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێسی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا بەبۆنەی دەیەمین ساڵیادی ئەوەی پێی دەوترێت "ڕاگەیاندنی خەلافەت" لە مزگەوتی نوری لە موسڵ، ڕایگەیاند کە داعش هێشتا لەسەر زەوی لە عێراق و سووریا بوونی هەیە، بەڵام چیتر ناتوانێت نە شار و نە گوندێک داگیر بکات، جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی ڕاوێژ و هاوکاریی سەربازیی کە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکاوە پێشکەش بە هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکرێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو شانە تیرۆریستیە زیندوو نەبێتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەمەریکییەی بڵاوبووەتەوە، دە ساڵ دوای ڕاگەیاندنی "خەلافەت" لە بەشێکی گەورەی عێراق و سوریا، تیرۆریستان ئێستا کۆنترۆڵی هیچ ناوچەیەک ناکەن و زۆرێک لە سەرکردە باڵاکانیان لەدەستداوە و ڕێکخراوەکە لە دەرەوەی سەرنجی هەواڵە جیهانییەکانە.