پارێزگاری هەڵەبجە: سەرۆکی حکوومەتی هەرێم سەرجەم داواکارییەکانمانی جێبەجێ کردووە

K24 – هەولێر:
پارێزگاری هەڵەبجە، دەڵێت: سەردانی دووەمی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ هەڵەبجە، بە واتای گرنگیدانی جەنابیانە بە پارێزگاکە، هاوکات هەر داواکارییەکمان لە سەرۆکی حکوومەت هەبووایە جێبەجێی دەکرد.
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا گوتی: کاتێک سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد لە دیوانی پارێزگا یاداشتێکی نۆ خاڵیمان ئاراستەی جەنابیان کرد، ئەگەر 19 خاڵیش بووایە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەمووی جێبەجێ دەکرد، خۆشبەختانە سەرجەم داواکارییەکانمان بە هەند وەرگیرا و کاری جددی لەسەر کرا.
پارێزگاری هەڵەبجە، باسی لەوە کرد، سەرۆکی حکوومەت لە دوای چوار مانگدا دوو جار سەردانی هەڵەبجەی کردووە و کۆمەڵێک پرۆژەی خزمەتگوزاریی لە پارێزگاکە جێبەجێ کردووە، ئەمەش واتەی گرنگیدانی جەنابیانە بە پارێزگای هەڵەبجە.
لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، ناوبراو دەڵێت: هیچ ڕێگرییەکی یاسایی لەبەردەم بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نییە، بەڵام لە پەرلەمانی عێراق بۆیە دەنگ لەسەر پرۆژەیاساکە نادرێت بەهۆی ناکۆکی هەندێک لایەنی سیاسی کە پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەیان بە چەند پرسێکی دیکە بەستووەتەوە، دەبێت دەوڵەتی عێراق هەڵەبجە بە بەشێک لە خۆی بزانێت و بەزووترین کات بیکاتە پارێزگا.
ئازاد تۆفیق، ئاماژە بەوە دا، ئەمڕۆ دوو یاداشتیان پێشکەشی سەرۆکی حکوومەت کردووە کە یەکەمیان بۆ سێکتەری کشتوکاڵە و ئەوەیدیکە بۆ سێکتەری گەشتوگوزارە، کە داواکارن ئەوانیش هاوشێوەی داوکاراییەکانی دیکە بۆیان جێبەجێ بکرێت.
هاوکات لەبارەی هاتنی گەشتیارەوە بۆ پارێزگاکە دەڵێت: لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆزدا 40 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کردووە.