چیا ئەمین: لەماوەی چوارساڵدا زاخۆ زۆر پێشکەوتووە

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ رایگەیاند، لەماوەی چوار ساڵی کابینەی نۆدا زاخۆ بەرەوپێشچوونێکی باشی لە کەرتی گەشتیاریدا کردووە.
دووشەممە، 1ـی تەمووزی 2024، چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کابینەی نۆ و خودی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بووەتە خێروبەرکەت بۆ کەرتی گەشتیاری و هەموو کوردستان، زاخۆ دوای ئەوەی بوو بە ئیدارەی سەربەخۆ، بەرەوپێشچوونێکی زۆر باشی کرد. چەندان پرۆژە و پلان لەسەر ئاستی ئەو ئیدارەیە لەماوەی ئەو چوارساڵەدا کراون، جێگەی خۆشحاڵین.
بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "چەندان پرۆژە و پلان جێبەجێ کراون لە زاخۆ، یەکێک لەو پرۆژە گرنگانە کە ئەمڕۆ لەسەر ئاستی هەموو عێراق دەبینرێت، کۆڕنیشی زاخۆیە کە قۆناغی یەکەمی تەواو بووە و قۆناغی دووەمی لە بواری جێبەجێ کردندایە".
چیا ئەمین ڕاشیگەیاند، "بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت ئەم کۆڕنیشە درێژ ببێتەوە لە خاپوورەوە بۆ ناو سەنتەری زاخۆوە تاکو ببێتە کۆڕینیشی گەشتیاری و هاووڵاتییان سوودی لێ ببینن. گوژمەی تێچووی ئەو کۆرنیشەش لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە. ئێمە دەمانەوێت کۆرنیش و خاپوور لە ئاستێکی باش دابێن".