ئێران؛ چارەنووسی بەهای تومەن بەندە بە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمارەوە

دۆلار و تومەن
دۆلار و تومەن

دوای ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران کەوتە گەڕی دووەم، بەهای تومەنی ئێران دابەزی و چاودێرانی بۆرسەش لەو بڕوایەدان تاوەکوو ڕاگەیاندنی ئەنجامی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە، بازاڕی دراو و بۆرسەی ئێران ناجێگیر دەمێنێتەوە. دوای یەکلابوونەوەی پۆستەکە، بەلای هەر یەکێک لە ڕێفۆرمخوازەکان یان نەریتخوازەکان چارەنووسی بەهای تومەن دیار دەکات.

بەهای دۆلار لە ئێران، کە ڕۆژی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەو وڵاتە 450 تومەن گران بوو، دوو ڕۆژ دواتر750 تومەنی دیکەی هاتە سەر و گەیشتە 62 هەزار و 250 تومەن، ئەو بەرزبوونەوەیە لە دوو مانگی ڕابردوودا بە بەرزترین جوڵەی بەهای دۆلار دەژمێردرێت؛ بەڵام بازاڕەکە جێگیر نییە و ئەمڕۆ دووشەممە 1ی تەممووزی 2024، بەهای دۆلار بۆ خوار 62  هەزار تومەن کەمبووەوە.

هاوکات پێوەری گشتیی بۆرسەی تاران ڕۆژی یەکشەممە بە کەم کردنی 23 هەزار یەکە، واتا 1%، بۆ خوار دوو ملیۆن و 73 هەزار یەکە دابەزی. هەر لە هەمان ڕۆژدا 942ملیار تومەن پارەی کاش لە بۆرسەی ئێران کشێنرایەوە.

دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانیی ئێران (تومەن) لە کاتێکدایە بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای چاودێریی کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت (ڤۆرتێکسا) و کۆمپانیای زانیاری کاڵا (کێپلەر) هەناردەی نەوتی ئێران لە بەهاری ئەمساڵدا %30 گەشەی کردووە.

هەروەها بەپێی ئامارەکانی گومرکی ئێران گەشەی داهاتی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە هەمان ماوەدا %35 بووە.

چاودێران و پسپۆڕانی ئابووری باس لەوە دەکەن، لە ئەگەری سەرکەوتنی بەربژێری نەریتخوازەکان لە گەڕی دووەمدا، ئەگەری بووژانەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی وڵاتەکە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوایی و دەرچوونی ئێران لە لیستی ڕەشی سپیکردنەوەی پارەی گرووپی (FATF) ئاڵۆزتر دەبێت و ئەوە یەکێک لە هۆکانی دابەزینی بەهای پارەی نیشتمانی و پێوەری گشتیی بۆرسەی ئەو وڵاتەیە.

هاوکات پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە یەمەن و لوبنان و ئەگەری جەنگی لوبنان و ئیسرائیل، کە بەپێی ڕاگەیاندنی فەرمیی بەرپرسانی ئێران لەو حاڵەتەدا وڵاتەکەیان پشتیوانیی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی دژی ئیسرائیل دەکات، ئەوەش وا دەکات چالاکانی بازاڕی دراو لێکەوتەی ئەو ڕووداوە چاوەڕوانکراوانە لە زیانی بازاڕ بژمێرن و بەهای بەرزتر بۆ دراو دابنێن.

چاودێران، باس لەوەش دەکەن بەهۆی ئەو هۆکارانەوە پرۆسەی هێنانی دراوی قورس بۆ ناوخۆ دژوار بێت، بەتایبەت دۆلار ئەمەش وایکردووە ئەگەری ناجێگیربوونی بازاڕ تا دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆمار بەردەوام دەبێت.

Fly Erbil Advertisment