فەرەنسا گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی یۆرۆ 2024
هەڵبژاردەکانی فەرەنسا و بەلجیکا لە بەردەوامی یارییەکانی قۆناغی شازدەی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024 ڕووبەڕووی یەکتری بوونەوە، لە کۆتاییدا هەڵبژاردەی فەرەنسا براوەی یارییەکە بوو و گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی.
هەردوولا هەر لە سەرەتای یارییەکە هەوڵەکانیان بۆ گۆڵکردن دەست پێ کرد، بە تایبەت یاریزانانی هەڵبژاردەی فەرەنسا، بەڵام لە کۆتاییدا 45 خولەکی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.
نیوەی دووەمیش خەریک بوو بەبێ گۆڵ کۆتایی بێت، بەڵام ڤێرتۆنگێن بەرگریکاری بەلجیکا لە خولەکی 85 بە هەڵە گۆڵێکی لە دژی هەڵبژاردەکەی کرد و یارییەکەش بەم تاکە گۆڵە کۆتایی هات و فەرەنسای بۆ جاری سێیەم لەسەر یەک گەیاندە قۆناغی چارەکی کۆتایی.
بە درێژایی یۆرۆ 2024 تاوەکو ئێستا 9 گۆڵ بە هەڵە کراون و کەلەشێرەکان سوودمەندی سەرەکین و هەڵبژاردەکانی بەرامبەریان، دوو گۆڵی هەڵەیان لە خۆیان کردووە، هەروەها فەرەنسا لە مێژوودا پێن جار هەڵبژاردەکانی بەرامبەریان گۆڵی بە هەڵەیان لە خۆیان کردووە.
لە قۆناغی چارەکی کۆتایی پێ دەچێت ئەمجارەیان ئەرکی فەرەنسا ئاسان نەبێت، بەهۆی ئەوەی لەم قۆناغە ڕەنگە ڕووبەڕووی پۆرتوگال ببەنەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر سلۆڤینیا سەرکەوێت ئەو کاتە ڕەنگە ئەرکیان ئاسانتر بێت.