بە پێی پێشبینییەکان نرخی نەوت بۆ شەش مانگی داهاتوو هەرزان دەبێت

ئۆپێک پڵەس بەردەوامە لە سیاسەتی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو، بەمەش نرخی نەوت لە بەرزترین ئاستی دوو مانگی ڕابردوو ماوەتەوە، بە پێی پێشبینیەکان، نرخی نەوت بۆ شەش مانگی داهاتوو گۆڕانی بەسەردا داێت، ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمەریکا بۆ تێکڕای نرخی هەر بەرمیلێکی نەوتی خاوی برێنت چوار دۆلار دابەزاندووە.

لەگەڵ نزیکبوونەوە "لوتکەی خواستی هاوینەی سووتەمەنی لە ئەمەریکا" پێشبینیەکان بۆ کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوتی خاو لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ بەتایبەت لەلایەن وڵاتانی ئۆپێک پڵەس.

دامەزراوە جیهانییەکان پێشبینیەکانیان بۆ تێکڕای نرخی نەوتی خاو لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ کەم کردووەتەوەو پێشبینی دەکەن نرخی نەوت بە کەمتر لە 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوە بکرێت.

دابەزاندنی نرخە پێشبینییەکانی نەوت دوای ئەوە دێت ئۆپێک پڵەس لە سەرەتای حوزەیرانی ڕابردوو ڕایگەیاند، لە تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ دەست دەکەن بە سووککردنی سیاسەتی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، بەمەش بەشێک لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی خۆبەخشانەی نەوتی خاو دەگەڕێتەوە بازاڕەکان.

چاوەڕوان دەکرێت، لە نێوەی دووەمی ئەمساڵ نرخی نەوتی خاوی برێنت لە سەرووی 80 دۆلار بمێنێتەوە، بەڵام ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمەریکا پێشبینیەکانی بۆ تێکڕای نرخی نەوتی خاوی برێنت لە 88 دۆلار بۆ 84 دۆلار کەم کردووتەوە.

پێشبینی دەکرێت لە نیوەی دووەمی ئەم ساڵدا چەند هۆکارێکی سەرەکی نرخی نەوتی خاو ئاراستە بکەن، لەوانە: 

بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە دەرەوەی ڕێکخراوی ئۆپێک پڵەس، کە دەتوانێت کاریگەری کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوتی خاو لە چارەگی سێیەمی ئەمساڵ لەلایەن وڵاتانی ئۆپێک پڵەس سنووردار بکات.

هۆکارێکی دیکەی سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ سیاسەتی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ئۆپێکە بەتایبەت لە دوای تشرینی دووەمی ئەم ساڵ.

هۆکارەکان بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە شەش مانگی داهاتوو بێ کاریگەری نابن، لوتکەی وەرزی خواستی هاوینە لە ئەمەریکا دەتوانێت کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دروست بکات، بە تایبەت ئەگەر کاریگەری بکاتە سەر کەمبوونەوەی یەدەکی نەوتی کۆگا کراو.

چاوەڕوان دەکرێت نیگەرانییەکان لە فراوانبوونی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوام بێت کە دەتوانێت کاریگەری بخاتە سەر پچڕانی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان، لە هەمان کاتدا کەمکردنەوەی ڕێژەی سووی بانکی ئەمەریکا و بانکە ناوەندییەکانی دیکەی جیهان دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی بخاتە سەر نرخی نەوت، بەمەش خواست لەسەر نەوتی خاو زیاد ببێتەوە.

Fly Erbil Advertisment