هەواڵێکی ناخۆش بۆ هاندەرانی ریاڵ مەدرید

کیلیان ئێمباپێ یاریزانی هەڵبژاردەی فەڕەنسا
کیلیان ئێمباپێ یاریزانی هەڵبژاردەی فەڕەنسا

کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری هەڵبژاردەی فەڕەنسا، بەهۆی ئەو پێکانە قورسەی لە یاریی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر نەمسا لە یەکەم یاریی قۆناغی کۆمەڵەکانی یۆرۆ 2024 تووشی بوو، تاوەکو ئێستاش بە ناچاری بە ماسکەوە یاریی دەکات.

هێرشبەرەکەی کەڵەشێرەکان لە یارییەکەی بەرامبەر نەمسا بەهۆی بەرکەوتنی لەگەڵ بەرگریکاری بەرامبەر، لوتی تووشی شکان بوو و بەم هۆیەوە لەسەر رێنمایی پزیشکی هەڵبژاردەکەی ماسکی تایبەت بەکاردەهێنێت، هەرچەندە ئەو یاریزانە پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، بەڵام بڕیاریداوە تاوەکو کۆتایی یۆرۆ بەبێ ماسک یاریی بکات.

دیدیێ دێشامب راهێنەری هەڵبژاردەی فەڕەنسا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی لیکیپی وڵاتەکەی لەبارەی ئێمباپێ دەڵێت '' ئێمباپێ دەبێت تاوەکو چەند هەفتەیەکی دیکە ماسکەکەی ببەستێت و لەوانەیە چەند مانگی داهاتووش بەم شێوەیە یاریی بکات. کیلیان دوای یۆرۆ نەشتەرگەری بۆ دەکرێت، دوای نەشتەرگەرییەکەش دەبێت بۆ ماوەیەک بەردەوام بێت لە بەستنی ماسکەکەی ".

ئەم هەواڵەی راهێنەرەکەی فەڕەنسا هاندەرانی یانەی ریاڵ مەدریدی نیگەران کردووە، لەبەر ئەوەی ئەوان پێیانوایە یاریزانە نوێیەکەیان رەنگە بەهۆی ئەو ماسکەوە نەتوانێت وەکو پێویست یاریی بکات و کاریگەری لەسەر ئاستی بکات.

کیلیان ئێمباپێ دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان، پێش دەستپێکردنی یارییەکانی یۆرۆ 2024 بڕیاریدا گرێبەستەکەی نوێ نەکاتەوە و بە شێوەیەکی فەرمی پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدریدەوە کرد.